سوپای ئیسرائیل ئه‌مڕۆ له به‌یاننامه‌یه‌كدا رای گه‌یاند، له هێرشێكدا وه‌زیری دارایی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی كوشتووه. دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه كوژرانی ئه‌و فه‌رمانده باڵایه‌ی حه‌ماس دوێنێ یه‌كشه‌م بووه.
پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ دووشه‌م پێنجی ئاب بڵاوی كردووه‌ته‌وه، به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی سوپای ئیسرائیل، توانیویانه عه‌بدولفه‌تاح زرێعی كه به وه‌زیری دارایی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ناو ده‌برێت، له‌ناو كه‌رتی غه‌زه بكوژن.
سوپای ئیسرائیل روونی كردووه‌ته‌وه، عه‌بدولفه‌تاح زرێعی وێڕای وه‌زیری دارایی حه‌ماسه، هاوكات فه‌رمانده‌یه له به‌شی پیشه‌سازیی سه‌ربه باڵی سه‌ربازیی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس.
كوشتنی عه‌بدولفه‌تاح زرێعی دوای ئه‌وه دێ كه 31ی ته‌مووز، ئیسرائیل توانی له‌ناو تاران ئیسماعیل هه‌نییه سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس تیرۆر بكات.
له حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو به ده‌ستپێشخه‌ریی حه‌ماس، جه‌نگی غه‌زه ده‌ستی پێ كرد و له رۆژی یه‌كه‌می جه‌نگدا سه‌رووی هه‌زار و 200 ئیسرائیلی گیانیان له ده‌ست دا و سه‌رووی 200 كه‌سی تر به بارمته گیران. ئه‌و رووداوه به رووداوێكی كاره‌ساتبار بۆ جووه‌كان له‌وه‌ته‌ی رووداوی هۆڵۆكاسته‌وه هه‌ژمار كرا، بۆیه په‌رچه‌كرداری توندی لێ كه‌وته‌وه.
له‌و كاته‌وه سوپای ئیسرائیل له ئاسمان و زه‌وییه‌وه غه‌زه بۆردمان ده‌كات كه به‌هۆیه‌وه شاره‌كه به ته‌واوی وێران بووه و دانیشتووانی شاره‌كه جگه له‌وه‌ی كه ده‌یان هه‌زاریان لێ كوژراوه، له ژیانێكی زۆر سه‌ختدا ده‌ژین. دواین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی فه‌له‌ستینیش، باس له كوژرانی زیاتر له 36 هه‌زار فه‌له‌ستینی ده‌كات و زیاتر له 80 هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌پێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكه‌ی هه‌زار و 500 كه‌س كوژراون. زۆربه‌ی قوربانییه‌كانی ئیسرائیل پێوه‌ندی به یه‌كه‌م رۆژی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس هه‌یه كه به‌هۆیه‌وه هه‌زار و 200 كه‌س كوژران و زۆربه‌یان خه‌ڵكی سڤیل بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا زیاتر له 200 ئیسرائیلی له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه به بارمته گیران و له‌و كاته‌وه ته‌نیا 81 بارمته‌یان ئازاد كراون.