ئێستە دوو پڕۆژەی هەستیاری شیعە و سوننە لەناو پەرلەمانی عێراق هەن، كە دەیانەوێ بەیەكەوە تێی پەڕێنن، هاوكات گومانیان بە یەكتر و پڕۆژەكانی یەكتر هەیە، بەتایبەتی شیعە نایانەوێ پڕۆژەكەی سوننە وەك خۆی بڕوات و رووناكی ببینێت، سەركردەیەكی شیعە وریایی لە یاساكە دەدات بەوەی بۆمبڕێژكراوە و چەند بڕگەیەكی تیادایە رێگە بە ئازادكردنی تیرۆریست و گەندەڵكاران دەدات، ئەوەش كاریگەری لەسەر حكوومەتی سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت.
سەعد موتەڵبی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وریایی لە بۆمبڕێژكردنی یاسای لێبوردنی گشتی دا، بۆیە یاساكە لەناو پەرلەمان رووبەڕووی ناڕەزایەتی بووەتەوە، چونكە ترسێك لە سوودبینین لە یاساكە بۆ ئازادكردنی گەندەڵ و خراپەكار و تیرۆریست و بكوژان هەیە و گەلی عێراق باجەكەی بدات.
روونی كردەوە، دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتی پێویستی بە چاودێری و گرنگیدانێكی زۆر و هێواشی و پەلەنەكردن و تاوتوێكردنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و هیتریش هەیە، بۆیە ترسێكی سیاسی و جەماوەری لە هەوڵی بۆمبڕێژكردنی یاساكە هەیە، چونكە تێپەڕكردنی یاساكە بەو دەقە نادیارەی ئێستەی، كاریگەریی سیاسی و هەڵبژاردنی لەسەر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران و تەواوی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە دەبێت، بۆیەش هەندێك دەیانەوێ لەو كاتە و پێش هەڵبژاردن یاساكە تێبپەڕێنن.
دوێنێ مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری ئێزدی رای گەیاند كە رەتكردنەوەی ئێزدییەكان بۆ دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانی عێراق بەهۆی ترسی ئەوانە لەوەی لێبوردنەكە ئەو تاوانبارانە بگرێتەوە كە دەستیان لە كۆمەڵكوژیی رۆڵەكانیان هەبووە، بۆیە ئێزدییەكان بایكۆتی هەر دانیشتنێكی پەرلەمان دەكەن ئەگەر یاساكەی تیادا بخرێتە روو.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، هێشتا خوێنی قوربانیانی ئێزدی وشك نەبووە و تا ئێستەش هەزاران ونبوو و كەنیزەكمان هەیە، بۆیە پێویستە رێز لەو خوێنە بگیرێت و ئەو یاسایە دەرنەكرێت كە ژمارەیەك تاوانكار دەگرێتەوە و ئەوان ئازاد دەكرێن.
لە دانیشتنی دوێنێ پەرلەمانی عێراق یەكەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەی دووەم هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27 بۆ ساڵی 2016 كرا، بەپێی زانیارییەكان شیعە گەورەیان لەگەڵ یاسای لێبوردن هەیە و ئەگەر بیانەوێ تێپەڕ بێت، رەنگە بە دەستكارییەكی زۆرەوە رێگە بە تێپەڕبوونی بدەن.