سەرچاوەكان: بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد مووشەكباران كرا

:: PM:09:41:05/08/2024 ‌

هاوكات لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بەهۆی هێرشەكانی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل و كوشتنی سەركردەی سیاسیی حەماس و فەرماندەیەكی باڵای حزبوڵای لبنانی، هەر هەفتەی رابردوو ئەمەریكا چەند پێگەیەكی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جەرف سەخر، لە پارێزگای بابل كردە ئامانج و 10 كەس لەنێوان كوژراو و بریندار بوونە قوربانی، میدیاكان باس لە مووشەكبارانی بنكەی عەین ئەسەد دەكەن.

لەوكاتەی ژمارەیەك لە میلیشیا شیعەكان كۆتاهاتنی ئاگربەست و دەستكردنەوەیان بە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەمەریكا لە عێراق راگەیاند، لەوانەش بزووتنەوەی نوجەبا، بەپێی میدیاكانی عێراق ئەمشەو بە دوو مووشەك بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار كراوەتە ئامانج و تا ئێستە زانیارییەكان و وردەكاریی بۆردمانەكە دیار نییە.

بەپێی زانیارییەكان مووشەكەكان لە دەوروبەری بنكەكە كەوتوونەتەوە و ئێستە هێزە تەناهییەكانی عێراق بەدوای ئەنجامدەرانی هێرشەكە دەگەڕێن، لەوكاتەی دوێنێ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی توندی لە ئەگەری هێرشەكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دا، بەوەی وڵامی توندتریان لە پێشوو دەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل