حزبوڵا چی بۆ ئیسرائیل ئامادە كردووە؟

:: PM:10:51:05/08/2024 ‌

ئێستە چاوەكان لەسەر ئێران و حزبوڵای لبنانین بەوەی دەبێت و چۆن وەڵامی ئیسرائیل بدەنەوە، هەفتەی رابردوو ئیسرائیل سەركردەی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە تاران كوشت، جیا لە كوشتنی كەسی دووەمی حزبوڵای لبنانی لەناو جەرگەی باشووری بەیرووت، مۆڵگەی سەرەكیی ئەو حزبە، بە ئێران و حزبەكەی گوت كە دەستم دەگاتە هەموو شوێنێك و هەموو كەسێكتان، بۆیە ناوچەكە چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئەوانە.

لەوكاتەی ئێران، كە ئیسرائیل بە پلانداڕێژەر و یەكەم سوودمەندی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی رابردووی حەماس دادەنێت، سەركردایەتی بەرەی بەرگریكاری لەدژی ئیسرائیل و ئەمەریكا دەكات و چاوەڕوانی وەڵامدانەوەیەكی زۆر بەهێزی بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل لێ دەكرێت، تا ئێستە وەڵامدانەوەكەی دوا خستووە، لەناو بۆچوونی هەندێك لە شارەزایان كە ئێران نایەوێ حزبوڵای لبنانی بكەوێتە تەڵەكەوە و لە رووی سیاسی و سەربازی و جەماوەرییەوە لە لبنان مایەپووچ و كۆتایی پێ بێت.

بۆیە وەڵامدانەوەی حزبوڵا لەوەی ئێران جیاواز دەبێت، شرۆڤەكارانی سیاسی و سەربازی پێیان وایە لەسایەی ئەو دۆخە شلۆقەی لبنان و حزبوڵا، ئەگەری زۆرە پەنا بۆ وەڵامدانەوەیەكی نمایشی بۆ راگەیاندنەكان ببات، بۆ پاراستنی شكۆ و پێگەی لەبەر چاوی بنكە جەماوەرییەكەی.

وەهبی قاتیشا، پەرلەمانتاری پێشووی لبنان دەڵێت، حزبوڵا لە رێگەی گورزێك مووشەك وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە كە هیچ زیانێكی نەبێت، چونكە لەدوای كوژرانی فوئاد شوكر، ئەو تەنیا پێویستی بە وەڵامدانەوەیەكی میدیاییە، دەكرێ 200 مووشەك بگرێتە ئامانجە سەربازییە ئیسرائیلییەكان وەك خۆی باسی دەكات، بەڵام رەنگە لەسەر ئاستێكی دوورمەودا پەنا بۆ كوشتن و پێكانی ئامانجی ئیسرائیلی لە دەرەوە و ناوخۆی ئەو وڵاتە ببات.

روونی كردەوە، حزبوڵا نایەوێ بچێتە ناو شەڕێكی فرەوان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەش لە سایەی ئەو دۆڕانەی لە شەڕی 2006 دووچاری هاتەوە، جیا لەوە درك بەوە دەكات كە هیچ یارمەتییەكی تەنانەت لە هاوپەیمانەكانیشی پێ ناگات، ئەو تەنیا وا خۆی پێشان دەدات كە دەتوانێ هاوكێشەكە هاوسەنگ بكات و ئیسرائیل بترسێنێت، راستییەكەی ئەو توانای وەڵامدانەوەی نییە و تەنیا شەڕی لاوازكردنی ئیسرائیل دەكات، بەردەوامبوونی ئەو شەڕەش خزمەت بە ئێران و حزبەكە بۆ كۆنترۆڵكردنی لبنان دەكات. 

ئەمین بەشیر، شرۆڤەكاری سیاسی و نووسەر دەڵێت، وەڵامدانەوەی حزبوڵا تەنیا بۆ سپیكردنەوەی رووی حزبەكەیە لەبەردەم بنكە جەماوەری و میلیشیاكانی تر، وتارەكانی دوایی حەسەن نەسروڵاش زیاتر هەڕەشە بوون، هەوڵی داوە بنكە جەماوەرییەكەی بۆ دوور لەوەی لە سەر زەوی دەگوزەرێت ببات.

ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی دەكاتەوە،  ئەگەر باسی وەوڵامدانەوە بكەین، دەبوایە ئەوان بە كەمتر لە كوشتنی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رازی نەبن، بەڵام خەریكە دەوروبەریان بەوە رازی دەكەن كە وەڵامی توندیان دەبێت، هاوكات نەتنیاهۆش نایەوێ شەڕەكە فرەوان بێت و تەنیا گورزی جۆریان لێ دەوەشێنێت، بۆ ناچاركردنی ئێران و میلیشیاكانی بۆ رازیبوون بە مەرجەكانی هەر گفتوگۆیەك لە داهاتوودا.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل