رۆیتەرز: لە ئەنجامی هێرشە مووشەكییەكە بۆ سەر عەین ئەسەد چەند سەربازێكی ئەمەریكی بریندار بوون

:: AM:12:14:06/08/2024 ‌
ئەمشەو میدیا عێراقییەكان بڵاوییان كردەوە كە هێرشی مووشەكیی كراوەتە سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد و لای خۆشییەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی هێرشەكەی ئەمشەو بۆ سەر بنكە سەربازییەكەی ئەمەریكا، چەند سەربازێكی ئەمەریكی بریندار بوون. 

لەوكاتەی ژمارەیەك لە میلیشیا شیعەكان كۆتاهاتنی ئاگربەست و دەستكردنەوەیان بە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەمەریكا لە عێراق راگەیاند، لەوانەش بزووتنەوەی نوجەبا، بەپێی میدیاكانی عێراق ئەمشەو پێنجی ئاب،  بە دوو مووشەك بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار كراوەتە ئامانج و تا ئێستە زانیارییەكان و وردەكاریی بۆردمانەكە دیار نییە تەنیا ئەوە نەبێت كە ئاژانسیی هەواڵیی رۆیتەرز لە بەرپرسانی باڵای ئەمەریكییەوە بڵاوی كردووەتەوە، چەند سەربازێكی ئەمەریكی لە ئەنجامی هێرشە مووشەكییەكەی ئەمشەوی سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد بریندار بوون. 

جێگەی ئاماژەیە، 26 و 27ی مانگی رابردوو لە سووریا و عێراق هێرش كرایە سەر بنكە و بارەگا سەربازییەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا و لەبەرانبەریشدا، ئەمەریكا چەند پێگەیەكی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جەرف سەخر، لە پارێزگای بابل كردە ئامانج و 10 كەس كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە. 

ئەم هێرشەی ئەمشەوی سەر بنكە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە ئەنبار دوای ئەوە دێت، دوێنێ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی توندی لە ئەگەری هێرشەكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دا، بەوەی وڵامی توندتریان لە پێشوو دەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود