دوای ئەوەی شەوی رابردوو میلیشیاكانی عێراق بە مووشەك هێرشیان كردە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ گرووپێكی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم شەشی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، گرووپێكی میلیشیایی بەناوی "شۆڕشگێڕان" كە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ناو دەبەن، ئەو هێرشەیان لە ئەستۆ گرت كە شەوی رابردوو كرایە سەر بنكەی سەربازیی عەید ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بەهۆیەوە چەند سەربازێكی ئەمەریكی بریندار بوون.
ئەو گرووپە لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاندووە، رای دەگەیەنین بە ئامانجگرتنی بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد كە سەربە ئەمەریكا داگیركەرە لە رۆژئاوای عێراق، گرووپەكەی ئێمە بووە كە بە مووشەك و درۆن هێرشمان كردووەتە سەر ئەو بنكەیەی ئەمەریكا.
گرووپەكە دووپاتی كردووەتەوە كە هێرشەكەیان بە چەكی پێشكەوتوو بووە، بەردەوامیش دەبن لە هێرشەكانیان تا یەك سەربازی ئەمەریكی لە خاكی عێراقدا بمێنێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی كۆشكی سپی كە ئەمرۆ بڵاو كراوەتەوە، دوای هێرشی میلیشیاكانی عێراق كە سەربە ئێرانن بۆ سەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا خۆی و جێگرەكەی لە كۆبوونەوەیەكی ژووری ئۆپراسیۆنەكان بەشدارییان كرد و گفتوگۆی وەڵامدانەوەی ئەمەریكایان لەو هێرشە كرد.
جۆ بایدن لەوبارەیەوە روونكردنەوەی داوە كە خۆی و جێگرەكەی كامالا هاریس، بۆ وەڵامدانەوەی میلیشیاكان، كۆبوونەوەیان لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان كرد. لەو كۆبوونەوەیە بە چڕی باسیان لە دۆخی ئێستەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرا و ئەو هەڕەشانەی ئێران و بریكارەكانی لە ناوچەكەدا دەیكەن. هاوكات پاڵپشتیی ئیسرائیل لە مەترسییەكان دووپات كرایەوە.
بایدن دووپاتی كردەوە، گفتوگۆی ئەو هەنگاوانە كرا كە هێزەكانیان ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكن بكرێتە سەریان، بۆ ئەوەیش خۆیان كات و شوێنی وەڵامدانەوەكە دیاری دەكەن.
دوێنێ ئاژانسی "رۆیتەرز" لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئەمەریكایی بڵاوی كردەوە، لەو هێرشە مووشەكییەی میلیشیاكانی عێراق كردیانە سەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد، ژمارەیەك سەربازی ئەمەریكایی بریندار بوون. ئەو بنكەیە هێزەكانی ئەمەریكا و راوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی تێدایە.