518 ئاوارەی تر لە كەمپی خازرەوە گەڕانەوە ناوچەكانیان لە پارێزگای نەینەوا

:: AM:09:19:06/08/2024 ‌
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕای گەیاند، زیاتر لە 500 ئاوارە لە كەمپی خازر لە پارێزگای هەولێرەوە گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕای گەیاندووە، 518 ئاوارەی تر لە كەمپی خازر گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان لە پارێزگای نەینەوا. وەزارەتەكە دەڵێت، ئەم پرۆسەیە بە هاوكاریی ڕێكخراوی IOM ئەنجام دراوە.

دوای هاتنی چەكدارانی ڕێكخراوی داعش لە ساڵی 2014، دەیان هەزار كەس لە ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا و پارێزگا سوننەنشینەكان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و لە كەمپەكان نیشتەجێ كران.

پێشتر وەزارەتی كۆچی عێراق بڕیاری دابوو 31ی حەوتی تەمووز، دوا وادە بێت بۆ داخستنی تەواوی كەمپەكان لە سەرانسەری عێراق، بەڵام ئەم پرۆسەیە دوا كەوتووە و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان دوا خراوە و لەگەڵ ئەوەدان ئاوارەكان ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە.

بەشێكی زۆر لەو ئاوارانە بەهۆی بارودۆخی تەناهی و سیاسی نەدەگەڕانەوە و فشاری عێراقیش لەسەریان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، ژیانی تەواو قورس كردبوون، بەڵام دوای  هاتنە سەرخەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە كێشەی داراییان بۆ چارەسەر كرا و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتیش هاتنە ناو پرۆسەكە و بڕیارە گەڕانەوەی هەموو ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان بەردەوام بێت.



وشە - سۆران عەزیز