پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق بانكهێشتی پەرلەمان دەكرێت

:: PM:09:03:06/08/2024 ‌

شارەزایانی دارایی و ئابووری تێبینی زۆریان لەسەر كاری بانكی ناوەندیی عێراق و سیاسەت و شێوازی چارەسەركردنی كێشەكان و رێوشوێنەكای وەری گرتوون، بەتایبەتی لە تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار هەیە، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە دەكات بڕیاریان داوە پارێزگاری بانكەكە لە پەرلەمان مێوانداری بكەن و لەبارەی مەزاد و قاچاغی دۆلار پرسیاری لێ بكەن.

هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ناشەفافی و رانەگەیاندنی ناوی ئەو لایەنانەی رۆژانە ملیۆنان دۆلار لە بانكی ناوەندی دەكڕن، هۆكاری سەرەكین بۆ مێوانداریكردنی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لە پەرلەمان.  

روونی كردەوە، وەڵامدانەوەی پرسیارەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ و زارەكییانە نزمترین ئاستی لێپرسینەوەیە، بەوەی پارێزگاری بانكەكە بێتە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، بەر لە چەند رۆژێك رەزامەندی لەسەر ئەو كارە دراوە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ساڵێكە ئەو داوایە كراوە، واتە ئەوكاتەی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان بوو. 

سەلامی دووپاتی كردەوە، لە زۆرێك لە دۆسییەكان شكستهێنان لە كاری بانكی ناوەندی هەیە، جیا لەوە تەمەنی پارێزگاری بانكەكە گەیشتووەتە تەمەنی خانەنشینی، تێبینی زۆریش لەسەر مەزادی فرۆشتنی دراو لە بانكەكە هەیە، بەتایبەتی دوای دداننانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە بوونی پرۆسەی قاچاغی دراو، ئەوانە لەكاتی ئامادەبوونی پارێزگاری بانكی ناوەندی لە پەرلەمان لە رۆژانی داهاتوو باس دەكرێن. 

شایەنی باسە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، ئەندامێكی پێشووی دەوڵەتی یاسایە، لە نووسراوێكی پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی مانگی تەمووزی رابردوو داوا لە پارێزگاری بانكی ناوەندی كراوە بۆ ئامادەبوون لە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل