لە هەنگاوێكی كتوپڕدا ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم بزووتنەوەی حەماس یەحیا سنوار، بەرپرسی بزووتنەكەی لە كەرتی غەزە بۆ شوێنگرتنەوەی ئیسماعیل هەنییە وەك سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس هەڵبژارد.
ئەمڕۆ سێشەم بزووتنەوەی
حەماسی فەلەستینی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە یەحیا سنوار، بەرپرسی بزووتنەكەی لە كەرتی غەزە بۆ شوێنگرتنەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی كوژراوی مەكتەبی سیاسیی حەماس هەڵبژاردووە، ئەوەش دوای كوژرانی هەفتەی رابردوو لە تاران.
ئەمە و چەند رۆژێكە سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماس خەریكی گفتوگۆ و راوێژكاری فرەوانن بۆ دانانی كەسێكی تر لە شوێنی ئیسماعیل هەنییە وەك سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەكە لەدوای كوژرانی لەلایەن ئیسرائیل لە تاران، چەند سەركردەیەكی بزووتنەكە بۆ ئەو پۆستە كاندید بوون و ناویان دەهات لەوانە خالید مەشعەل.
یەحیا سنوار تەمەن 61 ساڵ، بە سەركردەی سەربازی و كردەنیی بزووتنەوەی حەماس دادەنرێت، ئێستە ئامانجی ژمارە یەكی ئیسرائیل و ئەنجامدەری هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی 2023 و لە ئێران نزیكە، لە دامەزرێنەرانی حەماسە و 22 ساڵ لە زیندانەكانی ئیسرائیل بووە و لە 2011 لە بەرانبەر بارمتەیەكی ئیسرائیلی ئازاد كراوە، دوای ئازادكردنی بە شەش ساڵ كرایە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە غەزە.