شەوی رابردوو گرووپێكی چەكداری شیعە بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەدیان لە رۆژئاوای عێراق بۆردمان كرد، بەهۆی بۆردمانەكەوە ژمارەیەك سەربازی ئەمەریكی بریندار بوون، ئەمڕۆ گرووپێك بەناوی "شۆڕشگێڕان"، بەرپرسیارەتیی خۆی لە هێرشەكە راگەیاند، بەرپرسێكی ئەمەریكی زیانی سەربازانی وڵاتەكەی لە بنكەكە ئاشكرا كرد.
ئەمڕۆ سێشەم
بەرپرسێك لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا، ئاشكرای كرد كە لە هێرشەكەی شەوی رابردوو بۆ سەر بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، پێنج سەربازی ئەمەریكی و دوو كارمەندی گرێبەستی ئەمەریكی بریندار بوون.
ئەو هێرشەی عەین ئەسەد لەناو ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و چاوەڕوانیكردنی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لەلایەن ئێران و میلیشیاكانییەوە بەهۆی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران و فوئاد شوكر، فەرماندەی باڵای حزبوڵا لە بەیرووت دێت.
هاوكات هێرشەكە دوای هەفتەیەك لە كوژران و برینداربوونی 10 ئەندامی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە ناوچەی جەرف سەخر لە پارێزگای بابل دێت، كە ئەمڕۆ رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی ئاشكرای كرد، لە هێرشەكەی جەرف سەخر بەرپرسێكی سەربازیی حوسییەكانی یەمەن بەناوی حوسێن مەستوور شبل، سەركردە و شارەزای درۆن كوژراوە، هێرشەكەش دوای رۆژێك لە وریاكردنەوەی توندی ئەمەریكا بۆ عێراق هات لە ئەگەری هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی لە عێراق و ناوچەكە، بەوەی وەڵامی توندیان بۆ میلیشیاكان دەبێت.
ئێستە شارەزایان باسی ئەوە دەكەن كە ئەمەریكا وەڵامی هێرشی میلیشیاكانی عێراق دەداتەوە و ئەگەری هەیە فەرماندەكانیان بكاتە ئامانج، بەڵام بەهۆی گرژییەكانی ناوچەكە و تێكنەچوونی دۆخی عێراق وەڵامدانەوەكە دوا دەخات، چونكە هێرشەكە هێڵی سووری ئەمەریكای بەزاندووە و بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەك لە سەربازانی.