شارەزایان: سەرەتای وەڵامدانەوەی ئێران دەستی پێ كردووە

:: PM:11:09:06/08/2024 ‌

بە بۆچوونی زۆرینەی شارەزایانی سەربازی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل سنووردار دەبێت، چونكە نایەوێ هەنگاوێكی هەڵە و حسێبنەكراو بنێت و پێی بخاتە ناو شەڕێكی گەورە لەگەڵ ئەمەریكا كە ئەنجامەكەی دەزانێت، بۆیە ئێستە هەوڵ دەدات زیاترین سوود لە شەڕێكی دەروونی و میدیایی لەگەڵ تەلئەبیب وەربگرێت، بەر لەوەی وەڵامێكی بەدڵی ئەمەریكا بداتەوە.

شارەزایان پێیان وایە هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمەریكا بەشێكە لە وەڵامدانەوەی ئێران بەرانبەر بە كوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، ناجی مەلاعیب، شارەزای سەربازیی لبنانی دەڵێت، هێرشی درۆنەكان لە لبنانەوە بۆ سەر ئیسرائیل و بۆردمانی بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق سەرەتایەكی وەڵامدانەوەی ئێرانن، كاتێك مووشەكێكی حزبوڵا توانی بگاتە بارەگەی لیوای گۆلانی ئیسرائیلی و درۆنێكیشی سیستمی گومەزی ئاسنینی بڕی و گەیشتە ئامانجی خۆی، واتە ئەو سیستمە ئیسرائیلیە ناتوانێت هەموو درۆن و مووشەكەكان تێك بشكێنێت. 

ئەعیاد تۆفان، شارەزای سەربازیی عێراقیش دەڵێت، هێرشەكان لە لبنان و عێراق بۆ سەر ئیسرائیل و بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەشێكن لە وەڵامدانەوەی ئێران، تاران گرووپەكانی بۆ ئەوە ئامادە دەكات، ئەگەرچی ئەگەرێكی دوورە وەڵامدانەوەیەكی توندی هەبێت و ئەوەی ئێستە دەیكات گەورەكردنێكی میدیاییە، چونكە باش دەزانێت ئیسرائیل بەتەنیا نییە. 

لای خۆیەوە عەلا نشووع، شارەزای ستراتیجیی عێراقی ئاماژە دەكات، ئێران سیاسەتی پەرەسەندن و هێوركردنەوە بەیەكەوە پێڕەو دەكات، وەك دەوڵەت كار بۆ هێوركردنەوە دەكات، بۆ ئەوەی دەماری واشنتن و رۆژئاوا نەگیرێت، لە لبنان و یەمەن و عێراقیش لە رێگەی میلیشیاكانییەوە بۆ پێشاندانی هێزی خۆی گوشار زیاد دەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل