سوودان.. بەهۆی لافاوەوە هەزاران خانوو ڕووخان و 17 كەس گیانیان لە دەست دا

:: AM:09:06:07/08/2024 ‌
بەهۆی بارانی بەخوڕ و هاتنی لافاوێكی بە تەوژم لە ناوچەیەكی سوودان، هەزاران خانوو رووخان و تا ئێستە 17 كەسیش گیانیان لە دەست دا، جیالەوەی ژمارەیەكی زۆری بریندار رووسیان لە نەخۆشخانەكان كردووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی ئاب، هەواڵەكەی لە ئاژانسی "فرانس پرێس" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، لە شارۆچكەی ئەبو ئەحمەد كە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی سوودان، شەوی رابردوو بارانێكی بەخور باریوە و بەهۆیەوە لافاو لە ناوچەكە دروست بووە، بەهۆیەوە هەزاران خانوو رووخاون و 17 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.

سەرچاوەیەكی تەندروستی كە لە نەخۆشخانەی ئەبو ئەحمەد كار دەكات، قسەی بۆ ئاژانسەكە كردووە و گوتوویەتی، زۆربەی ئەوانەی بەهۆی لافاوەكەوە گیان لە دەست داوە، كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكان و دواتر تەرمەكانیان دەرهێنراون.

شارۆچكەی ئەبو ئەحمەد كە لەوەی جەنگی ناوخۆیی سوودان دەستی پێ كردووە، زۆربەی شەڕەكان لەو ناوچەیە بوون، بۆیە بەهۆی شەڕەكانیشەوە زیانی زۆریان پێ كەوتووە. شارۆچكەكە سەربە ویلایەتی نیلە كە 400 كیلۆمەتر لە خەرتوومی پایەتەختی ئەو وڵاتە دوورە.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی بەهۆی بارانی بەخوڕ، هەزاران خانوو رووخاون كە زۆربەیان بە خشت و قوڕ دروست كراون، جیالەوەی سەتان دوكان و ماركێت بەهەمانشێوە رووخاون.

جیا لە مردنی ئەو 17 كەسە، هاوكات ژمارەیەكی زۆریش بریندارن و بۆ نەخۆشخانەی ئەبو ئەحمەد گوازراونەتەوە، پێشبینی دەكرێ ژمارەی مردنەكان زیاتر بەرز ببێتەوە، چونكە گومان دەكرێ ژمارەیەكی تریش كەوتبنە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكان، بۆیە تیمەكانی رزگاركەر بەدوای تەرمەكانی تر دەگەڕێن.

ئاماژە دراوە كە ساڵانە لە مانگی "ئۆكتۆبەر" لەو ناوچەیە باران دەبارێت و زۆرجاریش بارانەكە بە خوڕ دەبێت و دەبێتە لافاو، بۆیە زیانی زۆر بە دانیشتووانی ناوچەكە دەگات.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د