دوای ئەوەی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم شەڕ و ئاڵۆزی كەوتە نێوان چەكدارانی هۆزە عەرەبییەكانی ئێران پاڵپشتیان دەكات و هێزەكانی هەسەدە لە چەند گوندێكی ژێر دەستی هەسەدە، سەرچاوە تەناهییەكان لە عێراق ئاماژەیان كرد كە هێزی سەربازی و تەناهیی عێراق لە ناوچەی جەزیرەی نەینەوای هاوسنوور لەگەڵ سووریا كەوتوونەتە حاڵەتێكی توندی ئامادەسازییەوە.
سەرچاوەكان دووپاتیان كردەوە كە ئەو خۆسازدانە سەربازی و تەناهییەی عێراق لە ناوچە سنوورییەكانی لەگەڵ سووریا هاوكاتە لەگەڵ شەڕ و پێكدادانی نێوان هۆزە عەرەبییەكان و هەسەدە لە سووریا، كە بەهۆی سەختییەكەیەوە هێزەكانی ئەمەریكا هاتوونەتە ناوییەوە و پاڵپشتیان لە هەسەدە كردووە.
هەر بەپێی سەرچاوەكان سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە ناوچەكە كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەسازی بۆ رێگرتن لەهەر ئەگەرێكی كتوپڕ و نەخوازراو، چونكە ئەو ناوچەی شەڕەكەی تیادایە كە ناوچەی جەزیرەیە و لەگەڵ بیابانی نێوان هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین یەكی گرتووەتەوە.
لای خۆیەوە حەمید یاسری، فەرماندەی لیوای ئەسارولمەرجەعییە سەر بە حەشدی شەعبی داوای لە چەكدارانی كرد ئاسایشی ناوچەی جەزیرەی نەینەوا لەسەر سنوورەكانی سووریا تۆكمە بكەن، چونكە ناوچەكە لەمەترسیدایە.
بەپێی ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، دوای ئەوەی چەكدارانی هۆزە عەرەبییەكان لە دێرزوور هێرشیان كردە سەر چەند گوندێكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە نزیك كیڵگەی عومەری نەوتی، كە بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكای تیادایە، ئەوان توانیان گوندی ئەبوحەمام بگرن، بەڵام دواتر هاتە راگەیاندن كە هەسەدە بە پاڵپشتیی هێزەكانی ئەمەریكا ناوچەكەی كۆنترۆڵ كردووەتەوە، ئەو رووداوانە وایان كردووە مەترسی لەسەر ناوچە سنوورییەكانی عێراق سووریا دروست ببێت.