دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو بە مووشەك هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق و بەو هۆیەوە ژمارەیەك سەربازی ئەمەریكا بریندار بوون، ئەمڕۆ سەرچاوەیەك رای گەیاند كە هێزە تەناهییەكانی عێراق چوار كەسیان بە گومانی تێوەگلان لە هێرشەكە گرتووە.
شارەزایان پێیان وایە حكوومەتی عێراق لە دۆخێكی شلۆقدایە، لەلایەك ناتوانێت بەڵێنەكانی بۆ ئەمەریكا بباتە سەر بە پاراستنی ئاسایشی بنكە سەربازییەكانی و رێگریكردن لە هێرشی میلیشیاكان، كە خۆی بە پاڵپشتی ئەوان دامەزراون و ئەوانیش فەرمان لە ئێران وەردەگرن و لە حكوومەتەكە بەهێزترن، لەلایەكی تر ئەو بێتوانایەی وا دەكات ئەمەریكا خۆی وەڵامیان بداتەوە، بەوەش دۆخی تەناهیی عێراق ئاڵۆز دەبێت.
سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە هێزە تەناهییەكانی عێراق چوار كەسیان گرتووە، گومانی ئەوەیان لێ دەكرێت دەستیان لە هێرشەكەی دوایی سەر بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد هەبووبێت، كە بووە هۆی برینداربوونی پێنج سەرباز و دوو گرێبەستی ئەمەریكی.
شارەزایان ئاماژە دەكەن ئەو هێرشانە لەلایەن هەموو گرووپە چەكدارە شیعەكانەوە ئەنجام نادرێت، هەردوو حكوومەتی عێراق و ئەمەریكاش دەزانن كە مەبەست لێیان تێوەگلاندنی تەواوی میلیشیاكان و دەمارگرتنی ئەمەریكا و دروستكردنی وەڵامدانەوەیەكی توندە دژی میلیشیاكان و كردنەئامانجی فەرماندەكانیان، بۆ ناچاركردنیان بۆ چوونە ناو شەڕی ئێران و ئەمەریكا، واتە لەلایەك و بۆ یەكخستنەوەیان، كە ئێستە بەهۆی دەسەڵات و پۆستەوە پەرتەوازە بوونە و خەریكە لەناو شەقامی عێراق بێزراو دەن، لەلایەكی تر بەشێكیان كەمتر رووبەڕووی هێزەكانی ئەمەریكا دەبنەوە.