ئێران لە رێگەی هۆزە عەرەبییەكانی سووریا گوشار دەخاتە سەر ئەمەریكا

:: PM:07:52:07/08/2024 ‌

دوای ئەوەی هاتە راگەیاندن كە شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم چەكدارانی هۆزە عەرەبییەكان كە ئێران پاڵپشتییان دەكات، هێرشێكی فرەوانیان كردووەتە سەر هێزەكانی هەسەدە لە ژمارەیەك گوندی رۆژهەڵاتی فورات لە دەشتی دێرزوور لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا، شارەزایەك ئاماژە دەكات كە شەڕێكی سەخت لەئارادایە و ئەگەری ئاوارەبوونی خەڵكی ئەو ناوچانە بۆ عێراق هەیە.

ئێستە هێزە سەربازی و تەناهییەكانی عێراق رێوشوێنی توندیان لەسەر سنوورەكان لە پارێزگای نەینەوا لەگەڵ عێراق وەرگرتووە، ئەوان ترسیان لەوە هەیە خەڵكی ئەو ناوچانە روو بكەنە عێراق، جیا لە هاتنی چەكدارانی داعش بەو ناوە بۆ ناو عێراق و تێكدانی دۆخی تەناهی لە پارێزگای نەینەوا.

سادق عەبدوڵا، شارەزای تەناهی دەڵێت، مەترسی لە فرەوانبوونی شەڕی دێرزوور لەنێوان هۆزە عەرەبییەكان و هەسەدە هەیە، كاتێك ئێستە شەڕێكی سەخت لە لێواری رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە دەشتی دێرزوور هەیە، كە هێزەكانی ئەمەریكا پاڵپشتی لە هەسەدە دەكەن و هۆزە عەرەبییەكانیش لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە، لەوانە ئێران پاڵپشتی دەكرێن.  

زیاتر گوتی، هەموو بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا، بەتایبەتی ئەوانەی لە كێڵگەی عومەری نەوتییەوە نزیكن و گەورەترین هێزی ئەمەریكای تیادا جێگیرە، لە حاڵەتێكی ئامادەسازیدان و فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەری سەربازی دەسووڕێنەوە و بۆردمانی سەختی چەكدارانی هۆزەكان دەكەن، كە لە حەوت ناوچەوە هاوكات هێرشیان كردە سەر هەسەدە و توانیان پێشڕەوی بكەن، ئەوەش وای كرد كە خەڵكی ئەو ناوچانە بەلێشاو ئاوارە ببن.

بەپێی ئەو شارەزایە سەرهەڵدانی ئەو شەڕە لەوكاتە رەنگدانەوەی خواستی وڵاتانی ناوچەكەیە بۆ بچووككردنەوەی رۆڵی هەسەدە لەلایەك و گوشارخستنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا، لە سایەی بوونی توڕەییەكی جەماوەری لەلایەن هۆزە عەرەبییەكان لە دەسەڵاتی تاكڕەوی و توندی هەسەدە، بۆیە سعاتەكانی داهاتوو یەكلاكەرەوەیە بۆ ئەو شەڕە، كە بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە میدیاكان رووناكییان نەخستووەتە سەری، بەڵام كاریگەریی ئەو شەڕە بەهۆی نزیكبوونەوەی چەكدارانی هۆزەكان لە زیندانەكانی هەسەدە، كە هەزاران داعشیان تیادایە و ئەگەری هاتنی ئاوارەیەكی زۆری ناوچەكانی شەڕ بۆ عێراق كێشەی دروست كردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل