بۆچی سوپاكان زیاتر بەشەو هێرش دەكەن؟

:: PM:11:13:07/08/2024 ‌

ئێستە ناوچەكە هەمووی چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئێرانە بۆ ئیسرائیل، كە چاوەڕوان دەكرێت وەك جارانی پێشوو هێرشەكە بەشەو بێت، ئیسرائیل و ئەمەریكا بەر لە هەفتەیەك بەشەو ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شوكر و چوار ئەندامی میلیشیای كەتیبەكانی حزبوڵایان لە عێراق كوشت، زۆرینەی هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر میلیشیاكان بەشەو بووە، بەڵام بۆچی؟

ئێستە شەڕی شەوانە لای زۆرینەی سوپاكان خوازراوترە، لە كۆتایی دووەم شەڕی جیهانی ئەمەریكا و بەریتانیا هێرشی ئاسمانی شەوانەیان دەكردە سەر شارە گەورەكانی ئەڵمانیا، ئەوەش بە مەبەستی گەیاندنی زیاترین زەرەر و دروستكردنی گەورەترین ترس و تۆقین لە دەروونی ئەڵمانییەكان و كەمكردنەوەی ورەیان، بەوجۆرە كۆتاییان بە سەردەمی نازییەكان هێنا.  

دوای ئەوە شەڕی شەوانە بووە گونجاوتر بۆ سوپاكانی دنیا، بەتایبەتی دوای پەرەسەندنی تەنكنیكی بینینی شەوانە و دابینكردنی ئەو تەنكنۆلۆجیایە بۆ چەك و سوپاكان، لە ساڵانی دواییش ئەمەریكا و ئیسرائیل زیاتر ئەو تەكنیكەیان لە هێرشەكانیان بەكار هێنا، بەتایبەتی بۆ كوشتنی نەیارانیان، دواترینیان ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شوكر بوون، ئێستەش ناوچەكە چاودێریی وەڵامدانەوەی ئێرانە كە بەشەو یان لە بەرەبەیان بیكات.

شارەزایانی سەربازی دەڵێن، دوو هۆكار وا دەكات سوپاكان زیاتر پەنا بۆ هێرشی شەوانە ببەن، یەكەمیان توانای هێرشبەر بۆ شەڕی شەوانە و هەبوونی تەكنیك و ئامرازی پێشكەوتووی سەربازی، دووەم خۆلادان لە زیانی مرۆیی، جیا لەوانە ئەوان بەمەبەست پەنا بۆ هێرشی شەوانە دەبەن، بۆ ئەوەی كاتی هێرشەكەیان شاراوە بێت و كتوپڕ بێت و ترس و تۆقینێكی گەورە لای بەرانبەرەكەی دروست بكات و لاوازی بكات.

ئێستە تەكنۆلۆجیای شەڕ لە مووشەك و تانك و درۆنەكان زۆر پێشكەوتووە، كە رێگە بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان خۆش دەكات، پێكانی شەوانە وردتر و كاریگەرترە و لایەنی بەرانبەر بەزەحمەت دەتوانێ رووبەڕووی ببێتەوە و زۆر لە رێوشوێنەكانی هێرشكردن دیار نین.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل