ترەمپ: زۆر نزیكبووینەتەوە لە جەنگی جیهانی

:: PM:10:14:08/08/2024 ‌
كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا و سەرۆكی پێشووی وڵاتەكە "دۆناڵد ترەمپ" رای گەیاند كە جیهان زۆر نزیكبووەتەوە لە جەنگێكی جیهانی و دنیا دووچاری شكستێكی گەورەی هاوشێوەی شكستەكەی ساڵی 1929 دەبێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئابی 2024، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە فلۆریدای ئەمەریكا، ترەمپ ئەوەیشی گوت، زۆر نزیك بووینەتەوە لە جەنگی جیهانی و سەركردەیشمان هەیە كە نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بكەن. 

ترەمپ ئاماژەیشی دا، لە ئێستەدا ئەمەریكا لە مەترسیدارترین قۆناغی خۆیدایە لە رووی ئابووری و تەناهییەوە دووچاری شتگەلێكی خراپ بووین كە رەنگە كۆتایی بێت بە شكستێكی گەورە هاوشێوەی شكستە گەورەكەی ساڵی 1929. 

جێگەی ئاماژەیە، شكستی گەورەی ساڵی 1929 مەبەست لێی شكستی گەورەی ئابووریی دنیایە كە لە مێژووی هاوچەرخدا لەم ساڵەدا، دنیا بە درێژایی ساڵی 1930 تا 1940 دووچاری قەیران و تەنگژەیەكی گەورەی ئابووری بووەوە، بێكاری و هەژاری لە رادەبەدەر بڵاو بووەوە بەهۆی وێرانبوونی بازاڕی پشكەكان لە ئۆكتۆبەری 1929 و كەڵەكەبوونی قەرزی نێودەوڵەتی و كەمبوونەوەی نەختینە و شكستهێنانی سیستمی بانكی. 

ئەم قسانەی ترەمپ لە كاتێكدایە، كە دنیا ئێستە سەرقاڵی جەنگی ئۆكراینا و غەزەیە، لەلایەكی تریشەوە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو پەرەسەندن دەچێت، بە جۆرێك ئەمڕۆ ئەمەریكا بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەكانی ئێران و نزیكەكانی چەندان فرۆكەی راپیتۆر F22ی گەیاندە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


وشە - پۆڵا مەحموود