حكوومەتی عێراقیش نازانێت لە جورف سەخر چی روودەدات

:: PM:10:53:08/08/2024 ‌

ناوچەی جورف سەخر، كە جبەخانە و سەربازگەی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لەخۆ گرتووە، ناوچەیەكی تەواو داخراوە و تەنانەت هێزەكانی عێراقیش بۆیان نییە بچنە ناویەوە، لەو ناوچەیە كارگەی درۆن و جبەخانەكانی مووشەك و سەربازگەكانی مەشقی ئەو میلیشیایە لەخۆ دەگرێت، كە لە هەموو گرووپە چەكدارەكانیتری شیعە لە ئێران نزیكە و بەو هۆیەوە زوو زوو لەلایەن ئەمەریكاوە دەكرێتە ئامانج.

هەفتەی رابردوو هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و بەیرووت و كوشتنی ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شوكر، ئەمەریكا لە تۆڵەی هێرشەكەی سەر بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، چەند بارەگەیەكی كەتیبەكانی حزبوڵای لە جورف سەخر كردە ئامانج، جیا لە كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك چەكداری میلیشیاكە، بەرپرسێكی باڵای سەربازیی حوسییەكانی یەمەن لەوێ كوژرا و تا ئێستەش تەرمەكەی لە عێراقە.

بەپێی سەرچاوەكان لە هێرشەكەدا حوسێن عەبدوڵا مەستوور شبل، بەرپرسێكی باڵای سەربازیی حوسییەكان و پسپۆڕی درۆن كوژرا، بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ زانیارییەكیان بە هاتنی ئەو بەرپرسە یەمەنییە بۆ ناو عێراق نەبووە، یان نەیانزانیوە لە جورف سەخر لای كەتیبەكانی حزبوڵایە، بۆیە هاتنی بە شێوەیەكی نافەرمی بۆ عێراق پێشێلكاریی یاساییە.

زیاتر گوتی، سوودانی لە كۆبوونەوەی دووشەمی چوارچێوەی هاوئاهەنەگی باسی چۆنیەتی هاتنی ئەو بەرپرسە سەربازییەی حوسییەكانی بۆ عێراق كردووە، لە كۆبوونەوەكە ئەبو ئالا وەلائی، فەرماندەیەكی میلیشیاكان باسی ئەوەی كردووە كە بەرپرسە حوسییەكە لە رێگەی ئێرانەوە هاتووەتە عێراق.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل