ماڵپەڕی "رابعە" كە ماڵپەڕێكی هەواڵیی عێراقییە بڵاوی كردووەتەوە، بە پێی زانیارییەكان: كەشتیەكی بارهەڵگری نەوت كە نەوتی عێراقی بەرەو یۆنان دەبرد بە ئامانج گیراوە و هێرشی كراوەتە سەر.
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئابی 2024،
ماڵپەڕی "رابیعە" لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاوی كردووەتەوە، كەشتی نەوتهەڵگریی یۆنانی "دەلتا بلوو" لە گەرووی "بابولمەندەب" هێرشی كراوەتە سەر.
سەرچاوەكە ئەوەیشی گوتووە، كەشتییەكە نەوتی عێراقی بار كردبوو و روونیشی كردووەتەوە كە نەوتەكە لە بەندەرێكی بەسرەوە بار كرابوو، ئاڕاستەیشی بەرەو یۆنان بوو.
بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕەكە و سەرچاوە قسەكەرەكەیشەوە هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانەكان رانەگەیەنراوە و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵەیش وەزارەتی نەوتی عێراق روونكردنەوە و راگەیەنراوی فەرمی لەبارەوە نەبووە.
گەرووی "بابولمەندەب" رێڕەوێكی ئاویی تەسكە، دەكەوێتە نیمچە دوورگەی عەرەبی و ئەفریقا، دەریای سوور بە زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە لە رێگەی كەنداوی عەدەنەوە و بە یەكێك لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییە جیهانییەكان دادەنرێت كە بەشێكی زۆری هاتوچۆی دەریایی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت لە ناویشیاندا كەشتییە نەوتییەكانی و گواستنەوەیان لە وڵاتانی كەنداوەوە بۆ بازاڕەكانی دنیا.
لە دوای هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر غەزە، ئەم رێڕەوە ئاوییە دووچاری مەترسی زۆر بووەتەوە بەهۆی هێرشی حووسیەكان بۆ سەر كەشتییەكان و بە ناچاری زۆربەی جار كەشتییە بار هەڵگرەكان رێڕەوەكانی خۆیان گۆڕیوە و لەم دواییەشدا بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی گواستنەوەی ئاوی لە تەواوی دنیا، چونكە بەشێك لە كەشتییەكان ناچاری دوورتر رۆیشتن بوونە لە پێناو سەلامەتییان.