سێ سەرچاوەی پشتڕاستكەرەوە بە "ڕۆیتەرز"یان گوتووە، ئیدارەی جۆ بایدن بڕیاری داوە، ئەو ئابڵووقەیەی بۆ فرۆشتنی چەنكی هێرشبەر خستبوویە سەر سعوودیە، لای ببات و چەكیشی پێ بفرۆشێت.
پێویستە لێرەدا بیهێنینەوە یاد كە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا، بە ماوەیەكی كەم لە بوونی بە سەرۆك، بڕیاری ئابڵووقەی فرۆشتنی چەكی هێرشبەری بۆ سەر سعوودیە دەركرد، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بوو كە دەیویست سعوودیە پڕ چەك بكات بۆ ئەوەی خۆیان داكۆكی لە خۆیان بكەن و ئەوانیش بە فرۆشتنی ئەو چەكانە قازانج بكەن.
ئەمڕۆ هەینی، نۆی ئایار، ڕۆیتەرز لە بەرپرسێكی ئەمەریكیی ناو كۆنگرێسی وەرگرتووە كە ئیدارەی بایدن، داوایان لە كۆنگرێس كردووە، بڕیاری ئابڵووقەی سەر سعوودیە هەڵدەگرن كە پەیوەستە بە چەكی هێرشبەر، هەروەها بۆ هەفتەی داهاتووش بڕیار دەدرێت كە سیستەمی بەرگریشیان پێ بفرۆشن.
لەمەڕ هەمان بابەت، بەرپرسێكی باڵای ناو كۆنگرێسیش بە هەمان سەرچاوەی گوتووە، سعوودیە پێبەندی ڕێكەوتنەكان بوون، بۆیە ئێمەش پێبەند دەبین و لەمەودوا چەكیان پێ دەفرۆشین.
فرۆشتنی چەك بە سعوودیە لەم كاتەدا كە ئەگەری هەڵئاوسانێكی سیاسی و سەربازیی گەورە لە ناوچەكەدا لە ئارادا هەیە، زیاتر ئەگەرەكە زیاد دەكات، چونكە ئەوەی ئەمەریكییەكان و ئیسرائیل پێشبینی دەكەن، سعوودیە بكەوێتە بەرەی ئەوانەوە، نەوەك بەرەی ئێران و حزبوڵا و حەماسەوە.