دوای ئەوەی زۆرێك لە دەروازە سنوورییەكان لە كۆنترۆڵی میلیشیاكان وەرگیرایەوە، ئێستە مانگانە داهاتێكی باش بۆ گەنجینەی حكوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، بەپێی زانیارییەكان چوار كێڵگەی نەوت و گازی سروشتی لە خانەقین هەن، میلیشیاكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ئێران سوودی لێ وەردەگرن، خەڵكی ناوچەكە داوا دەكەن لە دەستی میلیشیاكان دەربهێنرێت.
كێڵگە نەوتییەكان هیچ سوودێكیان بۆ سنووری خانەقین نەبووە
حوسێن عەلی، شارەزای نەوت لە گەرمەسێر بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بوونی نەوت لە خانەقین لە كۆنەوە هۆكارێك بووە بۆ هاتنی خەڵكی بیانی بۆ ناوچەكە، ئەوەیش دوای هەڵكەندنی یەكەم بیرە نەوتی تاقیكردنەوە لە كێڵگەی "نەفتخانە"، لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی لە 26/5/1925 و بەرهەمهێنانی نەوت لەساڵی 1927 و لێدانی چەند بیرە نەوتێك لە كێڵگەی "نەفتشا"ی ئێرانی لە ساڵی 1935، بۆیە ئەو دوو كێڵگە لە ناوچەیەكی سەر سنووری عێراق- ئێران هەڵكەوتوون و لە ڕووی پێكهاتەی جیۆلۆجیشەوە بە یەك كێڵگە دادەنرێن.
زیاتر گوتی، هێڵی سنووریی نێوان عێراق و ئێران بە ناو ئەو پێكهاتە جیۆلۆجیەدا تێپەڕ دەبێ و دەیكاتە دوو بەش یان دوو كێڵگە، بەشێكی دەكەوێتە ناو سنووری عێراق (نەفتخانە)، بەشەكەی تریشی دەكەوێتە ناو سنووری ئێران (كێڵگەی نەفت شا)، كە دەكەوێتە نزیكی قەسری شیرین.
لای خۆیەوە سەمیر محەمەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، نزیكەی سەدەیەكە نەوت لە سنووری نەفتخانە دۆزراوەتەوە، بەڵام تا ئێسە بۆ خانەقین و دەوروبەری هیچ سوودێكی لێ نەبینراوە.
زیاتر گوتی، چەندانجار داوامان كردووە و ئێستەیش جارێكی تر داواكارین بۆ بەرژەوەندی خەڵكی ناوچەكە سوودی لێ وەربگیرێت .
ئەمبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە"وشە"راگەیاند، هۆكاری مانەوەی میلیشیاكان و كاركردنیان بۆ بەهێزكردنی پێگەیان لە نەفتخانە، بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ئێران دەگەڕێتەوە .
روونی كردەوە، نەوتی ئەو ناوچەیە دەبردرێتە ئێران و كاری قاچاخی پێ دەكرێ، بۆیە پێویستە هاوشێوەی دەروازە سنوورییەكان كار بۆ ئەوە بكرێ حكوومەتی عێراق خۆی سەرپەرشتی پرۆسەی دەرهێنانی نەوت لە نەفتخانە بكات.
بێستوون باجەلان، چالاكی مەدەنی لە سنووری خانەقین، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ساڵانێكە حەشدی شەعبی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ئێران چووەتە ئەو ناوچەیە و باڵادەستە تیایدا، بۆیە بە پێویستی زانی هاوشێوەی دەروازە سنوورییەكان، سەرۆك وەزیران كیڵگەی نەفتخانە بخاتە ژێر دەسەڵاتی هێزی فەرمییەوە.
شارۆكەی خانەقین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای دیالە، دەكەوێتە نزیك سنووری ئێران، رووبەری نزیكەی 3915 كیلۆمەترە و ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 200 هەزار كەسە، ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە نەوت و گازی سروشتی، ئەوەیش یەكێك بوو لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەعەرەبكردن و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی و جوگرافی خانەقین و شارەدێكانی سەر بەو شارۆكەیە.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی