لە خانەقین و كەركووك بەهۆی داعش و میلیشیاكانەوە ئاڵۆزی دروست دەبێت

:: PM:10:53:25/08/2020 ‌

 ئەمشەو لە دوو ناوچەی داگیركراوی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، شەڕ و ئاڵۆزی رووی دا، لە سنووری شارۆكەی خانەقین، داعش هێرشی كردە سەر سوپای عێراق، لە كەركووكیش ناكۆكی و ئاڵۆزی كەوتە نێوان حەشدی شەعبی و لیوایەكی سەر بە سەرۆك وەزیران.
هێزەكانی عێراق ئاسایشی ناوچە كێشەلەسەرەكانیان بۆ كۆنترۆڵ ناكرێت
 عەمید ئازاد عیسا، بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمشەو چەكدارانی داعش  لە گوندی شێرك، هێرشیان كردووەتە سەر سوپای عێراق، ئەوانیش ئاگەداری نزیكبوونەوەی ئەو هێزە بوونە و دەستبەجێ وەڵامیان داونەتەوە.

 لای خۆیەوە، تەڵعەت رەفعەت، ئەفسەری بنكەی پۆلیسی نەخۆشخانەی خانەقین، بۆ "شە" ئاشكرای كرد، كوژرا و برینداریان بۆ نەهێنراوە و شەڕەكە كۆتایی هاتووە.

 هاوكات هەر ئەمشەو لە پارێزگای كەركووك، ئاڵۆزی و شەڕ كەوتووەتە نێوان لیوای 61ی تایبەت بە سەرۆك وەزیران و  میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە، چەند شایەتحاڵێكی كورد بە"وشە"یان گوت، بە مەبەستی پاراستنی كاروانی ماتەمگێرانی شیعە لە ناوچەی حوزیرانی كەركووك، هێزەكانی سەر بە لیوای 61ی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێگەیان بە میلیشیاكان نەداوە بێنە ناوچەكە، كاتێك ئەوان ویستوویانە بەزۆر بێنە ئەو ناوچەیە.

 هاوار محەمەد، وەك شایەتحاڵێك دووپاتی لەوە كردەوە كە هێزەكەی حەشد، چەند پێداگری كردووە بێتە ناوچەكە و لیواكەی سەرۆك وەزیران پاشەكشەیان پێ كردوو، ئەگەر چی عەقیل كەنانی، لە راگەیاندنی لیوای 61ی سەرۆك وەزیران، قسەی بۆ "وشە" نەكرد، بەڵام جەودەت عەساف، گوتەبێژی میلیشیاكان لە كەركووك، بۆ "وشە" روودانی ئاڵۆزی رەت نەكردەوە و رای گەیاند، وەك حەشدی شەعبی لەسەر داوای خەڵك چوونەتە ئەو ناوچەیە، چونكە لە نیوان ماتەمگێرانی شیعە و هێزەكانی ئەوان، پێوەندییەكی بەهێز هەیە.

دووپاتی كردەوە، خەڵكی ناوچەكە پێویستیان بە ئێمەیە، ئەگەرچی هێزە تەناهییەكانی كەركووك ئێمەیان لەبیر كردبێت، خەڵكەكە ئێمەی لەبیر نەكردووە، ئێستەیش چاوەڕوانی دوا بڕیاری سەعەد حەربی دەكەین.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل