بەهۆی پەتای كۆرۆناوە تەواوی نەخۆشخانەكان لە دنیا گوشاریان لەسەرە، لەكاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ماتەمگێڕانی شیعە لە خانەقین، كێشەیان بۆ نەخۆشخانەی خانەقین دروست كردووە، بەتایبەتی بەهۆی لەخۆدان و خۆبرینداركردنیان.
خۆیان بریندار دەكەن و دەبێ چارەسەر بكرێن
ئازاد دەلۆیی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە "وشە"ی راگەیاند، وەك نەخۆشخانەی گشتی خانەقین، هەموو ئامادەسازییەكەمان بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی عاشورا كردووە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی پەتای كۆرناوە رێكارەكانی خۆپارێزیمان توند كردووە، هاوكات گوشاری تریشمان كەتووەتە سەر بۆ دروستكردنی تیمی چارەسەری بریندارانی رێوڕەسمی ماتەمگێڕانی شیعە لە خانەقین.
زیاتر گوتی، جیا لەو گوشارەی دروستیان كردووە، ئاستی تێگەیشتنیان بەجۆرێكە كە نەفامانە خۆیان بریندار دەكەن و دەبێ چارەسەر بكرێن.
خالد جەبەل، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی شارۆكەی خانەقین، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەمساڵ بە هۆكاری ئەوەی تیمەكانمان لەناو ئاپۆڕای ماتەمگێڕاندا چارەسەری برینداران دەكەن، بۆیە ئاماری برینداران لە نەخۆشخانە تۆمار ناكرێت.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی