درەنگانی شەوی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تیرۆریستانی داعش لە سنووری خانەقین هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی.
لە شەڕەکەدا فەرماندەی لیوای 28ی حەشدی شەعبی کوژرا
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی ئەیلوول، مەحموود دەلۆ كارگێڕی لیژنەی ناوچەی گوڵاڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، جووڵەی تیرۆریستانی داعش لە سنووری خانەقین سەرباری ئەوەی چەند شەوێكە بە فڕۆكە دەكرێنە ئامانج، بەردەوامی هەیە.
زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەو تیرۆریستانە ماوەی چەند رۆژێكە لە چەند قۆڵی جیاوازەوە و هاوكات بەیەكەوە هێرش دەكەنە سەر سوپای عێراق و میلیشیاكان.
نیهاد محەمەد گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، درەنگانی شەوی رابردوو تا سەعات سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تیرۆیستانی داعش لە سنووری باوە مەحموود و ناوچەی قوڵای هێرشیان كردە سەر هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی.
دووپاتی كردەوە، لەو هێرشەدا فەرماندەی لیوای 28ی حەشدی شەعبی حوسێن رەزاق فیشەكی قەناسی بەركەوتووە و گیانی لەدەست داوە.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی پۆلیسی دیالە، تیرۆریستانی داعش سوودیان لە تاریكی ناوچەكە وەرگرتووە و هەڵاتوون، بەڵام لە ریزەكانی ئەوانیش كوژراو هەیە.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی