قەڵاچۆکردنی کاکەییەکان لە خانەقین گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

:: PM:01:00:28/09/2020 ‌
جێگری بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاشکرای دەکات، مەترسییەکی رژد لەسەر کاکەییەکانی خانەقین ھەیە و بەردەوام ھەرەشەیان لێ دەکرێت و لەو ماوەیە 15 کەسیان لێ شەھید و بریندار کراوە.
ئەو هێرشانەی بەناوی داعشەوە دەکرێنە سەرمان دڵنیاین چەکدارانی داعش نین

ئەمڕۆ دووشەم 28ی ئەیلوول، ئەکبەر حەیدەر جێگری بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین بە "وشە"ی راگەیاند، لە خانەقین گوندی کاکەییەکان کە کۆمەڵێک گوندن و دەکەونە سەر رێی کەلار بۆ خانەقین و رێی سەرەکین، ماوەیەکە بەردەوام ھێرشیان دەکرێتە سەر و دەبنە قوربانی و لە ماوەی مانگێک 15 شەھید و برینداریان داوە، چونکە شەوانە لە خانەقین ودەوروبەری ئاسایش و تەناهی نەماوە، بەتایبەت ناوچەی دەکاک و قولای کە بەرەو رووباری سیروان دەچێت، تا دەگاتە سنووری کوڵەجۆ وشوێنی خۆ حەشاردانی داعشن.

ئەو بەرپرسە روونی دەکاتەوە، بەھۆی ئەوەی کاکەییەکان کوردن و دەکەونە سەر رێی سەرەکی لە سنووری خانەقین و داعشیش جموجۆڵی زۆر بووە و شەوانە ھێرش ئەنجام دەدەن، ئەوە وای کردووە بە ردەوام کاکەییەکان مەترسی زیاتریان لەسەر بێت و قوربانی زیاتر بدەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش تا ئێستا ئامادە نەبوون گوندەکانیان چۆڵ بکەن.

رەجەب کاکەیی سەرۆکی رێکخراوی یوسرا بۆ بەرپێدانی و رۆشنبیری  یارسان بە "وشە"ی گوت، خەڵک بە ئومێدی ئەوەیە ھیزی زیاتر رەوانەی ناوجەکەمان بکرێت یاخود ھێزی پێشمەرگە و سوپا بە ھاوبەشی لەو ناوچانە دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئەو مەترسیەی لەناوچەکە ھەیە نەمینێت.

"ماوە ماوە گروپێکی چەکدار هەڵدەکوتنە سەرمان کە گومانمان هەیە داعش بن، ئەوان بە ناوی داعش ناو دەبرێن و لەڕاستیدا داعش نین، چونکە ناکرێت تا ئێستا لەو سنوورە داعش ھەبێت" رەجەب کاکەیی وای گوت.

سەرۆکی رێکخراوی یوسرا دووپاتی دەکاتەوە، گوندی کاکەییەکان کە نزیکەی نۆ گوند دەبن لە سنووری  خانەقین و دەکەونە سنووری چەکدارانی حەشدی شەعبی، بۆیە ئێمە گومانمان ھەیە و ئەو کارانەی دژی کاکەییەکان دەکرێن داعش نین.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم



وشە - هیدایه‌ت جان