فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال گوتی، ئەگەر پەکەکە لە شنگال بکشێتەوە ھەموو کێشەکان چارەسەر دەبن، چونکە بە بڕینی مووچەی پەکەکە لەلایەن حکوومەتی عێراق، کێشەکە خۆی چارەسەر دەبێت و ئەوان بۆ مووچە لە شنگال نامێنن.
ئەمڕۆ یەکشەم 11ی تشرینی یەکەم، قاسم شەشۆ فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال بە "وشە"ی گوت، بەپێی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، پێویستە ھێزی میلیشیا لە شنگال دەربکرێن و تەنیا ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق شنگال دەپارێزن، بە دەرچوونی ھێزی میلیشیا چیتر کێشە دروست نابێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا شنگال بەرێوە دەبەن.
تەنیا ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق شنگال دەپارێزن
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال گوتی، مادام حکوومەتی عێراق مووچەی پەکەکەی بڕی کە ئەوان بۆ مووچە لە شنگال بوون، خۆیان لە شنگال نامێنن و دەردەچن، ئەگەریش دەرنەچن پێویستە ھەر چۆنێک بێت دەربکرێن.
زیاتر ڕوونی کردەوە، بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە کە بە ھەوڵی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو و زۆر خەمخۆری ئەوە بوو ئێزدیەکان لەو ناخۆشییە رزگار بکات، جارێکی تر خۆشی بۆ شنگال دەگەرێتەوە، چونکە ئێستە دۆخی شنگال ئاسایی نییە.
هەولێر/ بڵند ئیبراھیم