فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەی کوردی ئێزدی لە شنگال گوتی، پەکەکە ھیچ چارەی نەماوە جگە لە دەرچوون، بەڵام بۆ مانەوەیان لە شنگال پارە دەبەخشنە خەڵک.
ئەمڕۆ سێشەم 13ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر، قاسم دربۆ فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی کوردی ئێزدی لە شنگال بە "وشە"ی گوت، ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا کراوە، یوئێن و ئەمەریکا و وڵاتان داوایان کردبوو، خۆشیان لە رێککەوتنەکە ئامادە بوون و تازە لەوە دەرچووە نەتواندرێت جێبەجێ بکرێت.
ناکرێت ئێزدیەکان ھەر لە ئاوارەییدابن و نەگەرێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان
زیاتر گوتی: ناکرێت ئێزدیەکان ھەر لە ئاوارەییدابن و نەگەرێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، ببنە بارگرانی بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە.
قاسم دربۆ ئەوەی ئاشکرا کرد، پەکەکە سنووریان گیراوە، بەڵام ھەر لە کاری قاچاغی بەردەوامن، وەکو: ھێنانی نەوتی رەش، ئاژەڵ، گەنموجۆ و ھەرچی ھەیە بە قاچاغ ھاوردەی دەکەن، بۆیە پارەیەکی خەیاڵی قازانج دەکەن و نایانەوێت لەکیسیان بچێت.
بەپێی قسەی ئەو فەرماندەیە، پەکەکە پارە دەبەخشنە خەڵک بۆ ئەوەی داوا بکەن پەکەکە لە شنگال بمینێنەوە، گوتی: بەڵام چیتر ناتوانن بمینێنەوە و پێویستە بە زووترین کات لە شنگال دەرچن.
هەولێر/ بڵند ئیبراھیم