ئێزیدییەكان مەرجی گەڕانەوەیان بۆ شنگال ڕاگەیاند

:: AM:11:50:14/10/2020 ‌
بەرپرسێكی ئێزیدییەكان ڕای دەگەیەنێت، شنگالییەكان بە مەرجی چوونە دەرەوەی چەكدارانی پەكەكە و حەشد دەگەڕێنەوە خاكی خۆیان.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی تشرینی یەكەم، عەزیز شڕكانی بەرپرسی ڕاگەیاندنی بنكەی لالش بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێزیدییە ڕەسەنەكانی سنوورەكە چاوەڕوانن دوای ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا، چەكدارانی پەكەكە و حەشد ناو سەنتەری شنگال و شارەدێكان جێبهێڵن.

ئەگەر كێشەی تەناهی و كێشەی ئاو چارەسەر بكرێت، ئێزیدییەكان بەشێكیان خۆیان خانووەكانیان ئاوەدان دەكەنەوە 
زیاتر گوتی، چەكدارانی پەكەكە بوونەتە بەڵا و ئێزیدییەكان ناگەڕێنەوە سنوورەكە تا نەڕۆن لەو شوێنە، هەروەها بوونی حەشدیش كێشەیەكی تر دەبێت، خاوەندارییەتی ئەو سنوورە لەلایەن كەسانی ئێزیدی بێت و خۆیان بەڕێوەی ببەن.

باسی لەوەش كرد، كێشەیەكی یەكەمی خزمەتگوزاری ئێزیدییەكانیش ئاوە كە پێش هێرشەكانی داعش ئاو كەم بوو، ئەگەر كێشەی تەناهی و كێشەی ئاو چارەسەر بكرێت، ئێزیدییەكان بەشێكیان خۆیان خانووەكانیان ئاوەدان دەكەنەوە و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

كۆتایی هەفتەی ڕابردوو هەرێمی كوردستان و عێراق ڕێككەوتنیان واژوو كرد بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، بڕیارە بەمنزیكانە ئەو ڕێككەوتنە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.



وشە - رامیار جەواد