سێ ساڵە پەکەکه ئیدارەیەکی ناشەرعی لە شنگال داناوە، تاكو ئێستەیش لەوماوە زۆرە نەیانتوانیوە خزمەتی ناوچەكە بە یەك پڕۆژەیش بكەن، سەركردەیەكی عێراقی لە بەغدا هۆشداری دەدات لەوەی عێراق نیازی هەیە بە هێزی سەربازی پەكەكە لە شنگال دەربكات.
ئەمڕۆ شەموو 17ی تشرینی یەكەم، سەلام زوبەیدی ئەندامی هاوپەیمانی نەسڕی عێراقی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ڕێكەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی شنگال خزمەتی ناوچەکە دەكات و بە باشترین و چاكترین ڕێككەوتن لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق وەسف دەكرێت".
زیاتر گوتی، "بەهۆی ئەوەی دۆخی شنگال وێرانەیە و هێمن نییە لەبەربوونی چەكدارانی پەكەكە، بۆیە بڕیاردرا ئەو ناوچەیە دۆخەكەی ئارام بكرێتەوە و خزمەتگوزاری بۆ ببرێت، بۆیە دەبێت بە زووترین كات چەكدارانی پەكەكە و میلشیاكانی عێراق لەوناوچەیە دەربچن و ڕێگە بە حكوومەت بدەن كارەكانی خۆی بكات".
ڕوونی كردەوە، "ئەو لایەنانەی لە شنگالن و ڕێ نادەن یاسا لە ناوچەکەیان بەرقەراربێت، لە ئایندەیەكی نزیكدا بە هێزی چەكداری و سەربازی حكوومی ناوچەكە پاك دەكرێتەوە و ڕووبەڕووی هەموو گرووپێك دەبنەوە."
ئاماژەی دا، "حکوومەتی عێراق بەهاوكاری حكوومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نیازیان هەیە چەندان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و كارگێڕی لە شنگال جێبەجێ بکەن".
ئێوارەی ڕۆژی نۆی تشرینی یەكەم، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، ڕێككەوتنیان ڕاگەیاند بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، ئەوەیش هەنگاوێكی گرنگە بۆ گەڕانەوەی ئێزیدییەكان بۆ زێدی خۆیان كە بەهۆی ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر ئاوارە بوون.
دوای ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، چەكدارانی پەكەكە هەوڵی تێكدانی دۆخی ناوچەكەیان داوە و ڕۆژی یهكی تشرینی یەكەم خۆپێشاندانیان كرد و خەڵكی سنوورەكەیان ئاگەدار كردەوە كە ئەوەی بەشداری نەكات، سزا دەدرێت.