گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە شنگال هەڵدەدرێتەوە

:: AM:11:39:24/10/2020 ‌
ئەندامێكی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی شنگال ڕای دەگەیەنێت، بە چاودێری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی تشرینی یەكەم، ئاریان حەسیب پزیشك و ئەندامی هەڵدانەوە و چاودێریكردنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە دەست بە هەڵدانەوەی چەند گۆڕێكی تر لە سنووری شنگال و مووسڵ بكرێتەوە كە گومان دەكرێت ئێزیدییەكانی تێدا  كۆمەڵكوژ كرابێت.

لە سنووری شنگال و مووسڵ بكرێتەوە كە گومان دەكرێت ئێزیدییەكانی تێدا كۆمەڵكوژ كرابێت
ڕوونی كردەوە، لە سنووری گوندی كۆجۆ گۆڕێك دیاری كراوە و هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ هەڵدانەوەی و گومان دەكرێت بەشی زۆری ژن بن و تیرۆریستانی داعش كۆمەڵكوژی كردبن.

باسی لەوەش كرد، هەڵدانەوەی گۆڕەكە بە ئامادەبوونی نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت، لەو سنوورە تا ئێستە كە گوندی كۆجۆیە، شەش گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە و كۆی گشتی گۆڕە بە كۆمەڵەكانیش لە سنووری شنگال و مووسڵ زیاتر لە 176 گۆڕ دەبن.

لە 2014 چەكدارانی داعش هێرشێكی گەورە و دڕندانەیان بە چەكی پێشكەوتووی سوپای عێراق كردە سەر ناوچەكانی ئێزیدی لە شنگال و دەوروبەری و كۆمەڵكوژییەكی گەورەیان ئەنجام دا، بەوهۆیەوە هەزارانیان شەهید بوون و سەدان هەزاریشیان ئاوارەی دهۆك و هەولێر بوون، هەزاران كچ و ژنی ئێزیدیش لەلایەن چەكدارانی داعشەوە وەك سەبایا لە بازاڕ كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكرا.



وشە - رامیار جەواد