دوای نزیكەی مانگێك لە واژووكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، فراكسیۆنە شیعەكانی سەر بە میلیشیاكان لەناو پەرلەمانی عێراق، كار بۆ پەكخستنی ئەو رێككەوتنامەیە دەكەن.
موچەی پەكەكە لەلایەن حەشدەوە دابین دەكری
مەنال عەبدولموتەلیب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی قەڵای جەماوەر، كە ئێستە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ لیستی "فەتح" بە سەرۆكایەتی هادی عامری بەستووە بۆ "وشە"، ئاشكرای كرد، لەناو پەرلەمانی عێراق هەوڵ هەیە بۆ جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال.
زیاتر گوتی، ئەو پەرلەمانتارانەی سەر بە حەشدن لەو هەوڵەیان بەردەوامن، ئێمەیش پێمان وایە كاری سەرەكی حكوومەتی عێراقە دەسەڵاتی خۆی بەتەنیا لەهەر ناوچەیەك بسەپینێ كە بە ناوچەی جێی ناكۆك ناسراوە.
"وشە"، پاش ئەو لێدوانە شێروان دووبەردانی دواند، كە پەرلەمانتاری كوردە لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری مووسڵ، ئەو نەیشاردەوە كە گرووپە سیاسییەكانی حەشدی نێو پەرلەمان، بە ئاشكرا سەرباری دەركردنی بەیانامە، دژایەتی ئەو رێككەوتنە دەكەن و هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیان لەگەڵ پەكەكەدا هەیە.
روونی كردەوە، تەنانەت موچەی پەكەكە لەلایەن حەشدەوە دابین دەكری، ئێستەیش پەكەكە لە رووی سیاسی و سەربازییەوە پشتی بە حەشدی شەعبی بەستووە بۆ پەكخستنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی