دەست بە جێبەجێکردنی دوو خاڵی رێککەوتننامەی شنگال کراوە

:: AM:10:34:08/11/2020 ‌
قایمقامی قەزای شنگال گوتی، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەستی پێ کردووە، وەکو ھەنگاوی یەکەمیش دەست بە جێبەجێکردنی دوو خاڵ کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەم هەشتی تشرینی دووەم، مەحما خەلیل قایمقامی شارەدێی شنگال بە "وشە"ی  گوت، دوای ئەوەی ھەرێم و بەغدا لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن، ئێستە کار بۆ جێبەجێکردنی دوو خاڵی ڕێککەوتنەکە وەکو ھەنگاوی یەکەم  دەکرێت.

کار بۆ جێبەجێکردنی دوو خاڵی ڕێککەوتنەکە وەکو ھەنگاوی یەکەم دەکرێت

قایمقامی شنگال باسی لەو دوو خاڵە بۆ "وشە" کرد و گوتی: خاڵی یەکەم تۆمارکردنی ناو بۆ دامەزراندنی دوو ھەزار و 500 پۆلیس دەبێت، تاکوو ئێستە ھەشت ھەزار و 600 کەس لە کوردانی ئێزدی و پێکھاتەکانی تر بۆ بوون بە پۆلیس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، ئەرکی ئەوان پاراستنی ناو شنگال دەبێت. هەروەها خاڵی دووەم گەڕاندنەوەی ئاوارەکانە کە رۆژانە خەڵک دەگەرێنەوە و تاکوو ئێستە 14 ھەزار خێزان گەڕاونەتەوە.

مەحما خەلیل گوتیشی،  جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەردەوام دەبێت، بڕیارە حکوومەتی عێراق کە مووچەی سێ ھەزار چەکداری پەکەکە دەدات ببرێت، لەگەڵ ھێزەکانی میلیشیا لە شنگال دەریان بکات و ئیدارەیەکی نوێش بۆ شنگال دروست دەکرێت.

ئەوەشی گوت، ئەوەی گرنگە، شنگال لەڕووی تەناهییەوە ئارام بکرێتەوە و پەکەکە و ھێزەکانی میلیشیا لە شنگال دەربکرێن، چونکە ئەرکی حکوومەتی عێراقە ئەوان دەربکات ئەگەر نا دۆخی شنگال ئارام نابێت.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم 


وشە - ڕێناس شابان