لایەنگرانی پەكەكە دۆخی شنگال دەشێوێنن

:: PM:07:28:16/11/2020 ‌

لە دوای واژووكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال لە نێوان هەولێر و بەغدا، كە هیوای گەورەی كوردانی ئێزیدییە لە دوای ئەو كارەساتەی بەدەستی داعش بەسەریاندا هات، جموجۆڵەكانی لایەنگرانی پەكەكە، كە لەو ناوچەیە باڵادەستن، بەئاراستەیەكی نەرێنی زیادی كردووە، ئەمڕۆ دووشەم هەڵیان كوتایە سەر خاڵێكی تەناهی لە دەروازەی رۆژهەڵاتی شنگال و رێگەیان داخست.
هاوئاهەنگی لەنێوان فرقەی 20ی سوپای عێراق و پەكەكەدا هەیە
موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان بە "وشە"ی راگەیاند، سەعات سێی ئێوارەی ئەمڕۆ رێپێوانێك ساز كرا، كە لە زیاتر لە 150 كەس پێكهاتبوو، ئەوان داوای ئازادكردنی چەند بكوژێكیان دەكرد، كە بەر لە ماوەیەك لەلایەن پۆلیسی شنگالەوە گیرابوون.

زیاتر گوتی، دوای چەند ساتێك سروشتی خۆپێشاندانەكە گۆڕا، دوای ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەكەكە بە جلوبەرگی مەدەنی هاتنە ناو خۆپێشاندانەكانەوە و روویان لە خاڵی پشكنینی دەروازەی شنگال كرد لە رووی رۆژهەڵاتەوە، ئەوان بازگەكەیان سووتاند و خراپەكارییەكی زۆریان نایەوە، جیا لە تێكشكاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شنگال.

حوێت ئاشكرای كرد، ئەوان داوای ئازادكردنی بكوژانی كەسێكیان لە هۆزەكانی عەرەبی ناوچەكە دەكرد، كە پێش زیاتر لە 20 رۆژ كوشتبوویان، ئەو خراپەكارییەی ئەمڕۆ بەڵگەیەكی زەقە بەوەی شارەكە لە دەرەوەی كۆنترۆڵی حكوومەتە و دەتوانین بڵین بەدەستی رێكخراوی داعشەوەیە.

ئەو گوتەبێژەی هۆزە عەرەبییەكان دووپاتی كردەوە كە هاوئاهەنگییەك لەنێوان فرقەی 20ی سوپای عێراق و پەكەكەدا هەیە، واتە سوپای عێراق بواری بەو كارانەی ئەمڕۆ داوە، بۆیە پێمان وایە فرقەی 20 ناپاكی لە پاراستنی دۆخی تەناهی شارەكە و نیشتمان دەكات، ئەوان هانی ئەو ئەندامانەی پەكەكە دەدەن، بۆیە بەناپاكی دەزانین. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل