ماجد شنگالی: پێویستە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای جینۆسایدی ئێزیدییەكان پەسند بكات

:: PM:08:10:16/11/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا چەند دەستكەوتی گەورە بۆ كوردانی ئێزیدی خراوەتە روو، لەوانە رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال و هەردوو پڕۆژەیاسای قەرەبووكردنەوەی ژنانی ئێزیدی و بەجینۆسایدناساندنی پرسەكەیان، پەرلەمانتارێكی پێشووی كورد دەڵێت، تا ئێستە پەرلەمانی عێراق نەگەیشتووەتە رێككەوتن بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئێزیدییەكان.
رەنگە دەرنەچوونی یاساكە بەهۆی ناكۆكی سیاسییەوە بێت
ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی كورد لە بەغدا بە "وشە"ی روون كردەوە، تا ئێستە ناكۆكی گەورەی بۆچوون لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە لەبارەی پڕۆژەیاسای ژنانی ئێزیدی رزگاربوو، چونكە بەشێك لە پەرلەمانتاران دەیانەوێ یاساكە فرەوانتر بكرێ و تایبەت نەبێ بە لایەنێك كە ژنانی رزگاربووی ئێزیدییە، بۆ نموونە ژنانی رزگاربووی عێراقیش بگرێتەوە لە توركمان و سوننە و كەسانیتر.

زیاتر گوتی، سەبارەت بە جینۆسایدناساندنی پرسی ئێزیدییەكان، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەركردووە و ئەوەیش لەو قۆناغەدا زۆر گرنگە بەوەی پاڵپشتییەكی مادی و مەعنەوی بۆ ئەو كارەساتە دابین دەكات كە بەدەستی چەتەكانی داعش رووی دا، رەنگە ئەو بابەتە رەهەندێكی نێودەوڵەتی بەوكارەساتە بدات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە پەرلەمانی عێراق نەگەیشتووەتە دەقێك بۆ دەركردنی یاساكە.

شنگالی روونی كردەوە، رەنگە هۆكاری دواكەوتن و دەرنەچوونی یاساكە بوونی ناكۆكی سیاسی لەسەر بابەتەكە بێت، پێم وا نییە ئەو بابەتە پێوەندی بە هۆزە عەرەبییەكانی ناوچەكەوە هەبێت، رەنگە ئەوەی هەبێت حیساباتی سیاسی بێت، چونكە بابەتی بڕیاردان لەسەر جینۆساید بابەتێكی نێودەوڵەتییە و دوای ئەوە حیساب لەگەڵ ئەوانە دەكرێ كە ئەندامی داعش بوونە و ئەو وڵاتانەیشی پاڵپشتیان لێی كردووە و ئەو وڵاتانەی كە رۆڵەكانیان داعش بوونە بە هاوشێوەی پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەكان، كە زیاتر لە 100 ساڵە و زۆرێك لە وڵاتانی تا ئێستە دانیان پێیدا نەناوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە دداننانی نێودەوڵەتی پێویستی بە هەوڵێكی زۆر هەیە، بەڵام ئەو بابەتە عێراقییە و پێویستە پەرلەمانی عێراق یاسای جینۆسایدی ئێزیدییەكان پەسند بكات، چونكە ئەوان عێراقین و تووشی لەناوبردن هاتوونەتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل