ئەمشەو تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆكەی خانەقین، یەكێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق و بەوهۆیەوە ئەفسەرێك كوژرا و چوار سەبازیش بریندار بوون.
دوای كردە تیرۆریستییەكە چەكدارانی داعش هەڵاتن
نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، بە "وشە"ی راگەیاند، سەعات نۆی ئەمشەو شەموو، تیرۆریستانی داعش لە گوندی گڵەی نزیك بە شارۆكەی خانەقین، هێرشیان كردە سەر هێزەكانی سوپای عێراق.
زیاتر گوتی، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ئەفسەرێكی سوپای عێراق كوژرا و چوار سەربازیش بریندار بوون، روونی كردەوە، چەكدارانی داعش دوای كردە تیرۆریستییەكە هەڵاتن.
شایەنی باسە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر دۆخی تەناهی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناسەقامگیرە و هێزە عێراقییەكان ناتوانن دۆخی تەناهی ناوچەكە كۆنترۆڵ بكەن، جیا لەوەی ململانێیەكی سوننە و شیعە هەیە كە وا دەكات بەشێك لە هۆزەكانی ناوچەكە هاوكاری داعش بكەن، هاوكات هەر ئەوان رێگری لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەكەن، كە زامنی راستەقینەی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیرییە بۆ ناوچەكە.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی