بەیانی ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی عێراق بەسەردانێكی ڕانەگەیەنراو گەیشتە شنگال بۆ تەواوكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەكە.
ئەمڕۆ یەكشەم 13تی كانوونی یەكەم، ئارزین شنگالی چالاكی مەدەنی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق بەسەردانێكی ڕانەگەیەنراو گەیشتە شنگال.
بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی ژینگە و كەشێكی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان
ئەو چالاكە گوتی، هاتنی وەزیری ناوخۆ بۆ ئۆپراسیۆنەكانی رۆژئاوای نەینەوایە، چونكە دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی پلانی دووبارەكرانەوە لە شنگال كە دووبارە دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكانە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی ژینگە و كەشێكی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.
هاتنی وەزیری ناوخۆ لە كاتێكدایە چەند رۆژێك لەمەوبەر مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رای گەیاندبوو، بۆ شنگال چاوەڕوانین رێككەوتننامەكە جێبەجێ بكرێت. بەداخەوە تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە.
پێشتر هەولێر و بەغدا ڕێككەوتنێكیان ئەنجام دا بۆ ئاساییكردنەوەی ژیان لە شنگال، ئێستە جێبەجێكردنی خاڵی هەشتەمی ڕێككەوتنەكە كە تایبەتە بە نەمانی هێزە چەكدارە نایاساییەكان لەو سنوورە، كێشەی تێكەوتووە و پەكەكە بووەتە بەربەست.