داعش هێرش دەكاتە سەر چەند گوندێكی نێوان خانەقین و جەلەولا

:: PM:07:59:29/12/2020 ‌

جموجۆڵی رێكخراوی داعش لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بەردەوامە و هێزە تەناهییەكانی عێراق ناتوانن كۆنتڕۆلی دۆخی ئەو ناوچانە بكەن، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی پارێزگای دیالە رای گەیاند كە چەكدارانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر چەند گوندێك لە باكوری رۆژهەڵاتی پارێزگاكە و قوربانی هەیە. 
سوپای عێراق و حەشدی عەشایریان كردووەتە ئامانج
سەرچاوەیەكی تەناهی لەوبارەوە رای گەیاند، ئەمڕۆ سێشەم چەكدارانی داعش بە هاوەن و قەناسە هێرشیان كردووەتە سەر چەند خاڵێكی تەناهی سوپای عێراق لە گوندەكانی شێرك و قایە لە نێوان خانەقین و جەلەولا و گوندەكانی ئیسڵاح و ئوم حنتە لە باكوری جەلەولا، لە دووری 70 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی باقووبە.

بەپێی سەرچاوەكە ئامانجی چەكدارانی داعش خاڵەكانی سوپای عێراق بووە لەو گوندانە و بەوهۆیەوە دوو ئەندامی سوپای عێراق بریندار بوونە، هەروەها لە گوندەكانی ئیسڵاح و ئوم حنتە كامێرای حەراری و ئەندامانی حەشدی عەشایەریان كردووەتە ئامانج، سەربازێك و ئەندامێكی حەشد بریندارن.

بەپێی سەرچاوەكان ئەو ئامارەی قوربانیان سەرەتاییە و تا ئێستە تەقەكردن و رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامە، لەوكاتەی زانیارییەكان باسی كوژرانی هاووڵاتییەك لە گوندی ئوم حنتە دەكەن، شایەنی باسە ساڵانێكە ئەو ناوچانە بەهۆی سروشتەكەی و لاوازیی هێزە تەناهییەكان بووەتە شوێنی خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل