لە دووەم سەردانی بۆ پارێزگای نەینەوا و شارۆكەی شنگال، ئەمڕۆ یەكشەم جینین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە شنگال تاوتوێی میكانیزمی جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراقی لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كرد.
رێككەوتنەكە سەرەتایەكە بۆ كۆتاهێنان بە نەهامەتی خەڵكی ئەو ناوچەیە
بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ بلاسخارت لە شنگال تاوتوێی میكانیزمی جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شارۆكەی شنگال و سەقامگیركردنی دۆخی ناوچەكە ئاوەدانكردنەوەی و گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی كردووە.
ئەمە و
بلاسخارت لە 19ی تشرینی دووەمی 2020 سەردانی مووسڵی كردبوو و لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا و نوێنەری پێكهاتەكانی شنگال تاوتوێی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای لەبارەی ئاساییكردنەوەی شنگال كردبوو، ئەوكات رای گەیاند كە رێككەوتنەكە سەرەتایەكە بۆ كۆتاهێنان بە نەهامەتی خەڵكی ئەو ناوچەیە.
ئەو دووپاتی كردەوە كە گەشبینە بە رێككەوتنەكە بۆ كۆتاهێنان بە نەهامەتیی شنگالییەكان و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ئەو شارۆكەیە، دووپاتی كردەوە كە رێككەوتنەكە تەنیا یەكەم هەنگاوە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو دەڤەرە.
شایەنی باسە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020 رێككەوتنێكی مێژووییان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژوو كرد، كە وەدەرنانی هێزە نافەرمییەكان و دانانی بەرپرسانی ئیداری و ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكانی لەخۆ گرتووە.