پرووسكی 104 قوربانیی ئێزیدی بۆ شنگال دەگەڕێنرێتەوە

:: PM:12:14:04/02/2021 ‌
بڕیارە ڕۆژی شەموو پرووسكی 104 قوربانیی دەستی داعش بگەڕێنرێتەوە گوندی كۆجۆی دەڤەری شنگال، ئەوەیش دوای هەوڵێكی زۆری حكوومەت.

ئەمڕۆ پَنجشەم چواری شوبات، لە ڕاگەیەنراوێكی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكاندا هاتووە، دوای هەوڵێكی زۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی، ناسنامەی 104 كەس لە قوربانیانی ئێزیدی كە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعشەوە شەهید بوون، ئاشكرا كرا.

گێڕانەوەی پرووسكیان و دووبارە ناشتنەوەیان لە گوندی كۆجۆ بەڕێوە بچێت.

باس لەوەش كراوە، بڕیارە ڕۆژی شەموو بەم بۆنەیەوە رێوڕەسمێكی شكۆدار بۆ گێڕانەوەی پرووسكیان و دووبارە ناشتنەوەیان لە گوندی كۆجۆ بەڕێوە بچێت.

ڕوون كراوەتەوە، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی، جنین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، كەریم ئەحمەد خان راوێژكاری تایبەت و سەرۆكی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش، نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەكان و باڵوێزخانە و كونسوڵگەی وڵاتان لە بەغدا و هەرێمی كوردستان، بەرپرسانی رێكخراوە نێودەوڵەتی و لۆكاڵی و كەسوكاری قوربانیان، ئامادەی دەبن.

لای خۆیەوە ئارزین شنگالی چالاكی كۆمەڵی مەدەنی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هێنانەوەی پرووسكی ئەو قوربانییانە لە كاتێكدایە، زیاتر لە 80 گۆڕی بە كۆمەڵ لە سنوورەكەدا هەیە، پێشبینیش دەكرێت لە سەرەتای مانگی ئادار، ژمارەیەك پرووسكی تر بگەڕێنرێنەوە.

باسی لەوەش كرد، ئێستە هەڵدانەوەی گۆڕێكی تر لە سنووری باشووری شنگال دەستی پێ‌ كردووە و تا ئێستە پرووسكی 28 هاووڵاتیی ئێزیدیی تێدا دۆزراوەتەوە.

لە ڕۆژی سێی ئابی ساڵی 2014 چەكدارەكانی داعش هێرشیان كردە سەر شنگال و گوندە ئێزیدنشینەكانی دەوروبەری، بەوەش ئێزیدییەكان دووچاری كۆمەڵكوژی بوونەوە، ژمارەیەكی زۆریان بەتایبەتی كچان و ژنان بەرەو مووسڵ و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سووریا رفێنران و تائێستەیش ژمارەیەكیان بێسەروشوێنن.



وشە - رامیار جەواد