نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕای گه‌یاند، ئێزیدی نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌رم و لێبورده‌ی ژیاندۆست و مرۆڤدۆستی ئاشتیخواز و خاوه‌ن به‌های جوان و باڵان كه ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ هه‌مووان پێكه‌وه بژین.
ئه‌مڕۆ شه‌موو شه‌شی شوبات، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕای گه‌یاند، گێڕانه‌وه‌ی پرووسكی خوشك و برا ئێزیدییه‌كان بۆ زێدی خۆیان، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی تری غه‌مگینی مێژوویه‌كی تاڵی پڕ له ژان و ئازاری خوشك و برایانی ئێزیدیمانه كه بۆ به‌رگری و له‌پێناو پاراستنی خۆیان و ئاین و كولتوور و زمانیاندا، به ده‌یان جار ڕووبه‌ڕووی فه‌رمانه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان و كۆمه‌ڵكوژیی له‌وجۆره بوونه‌ته‌وه.
ئێزیدی نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌رم و لێبورده‌ی ژیاندۆست
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئێزیدی نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌رم و لێبورده‌ی ژیاندۆست و مرۆڤدۆستی ئاشتیخواز و خاوه‌ن به‌های جوان و باڵان كه ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ هه‌مووان، له‌گه‌ڵ ته‌واوی پێكهاته و جیاوازییه‌كاندا، به ئارامی و ئاشته‌وایی پێكه‌وه بژین.
"ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی تیرۆریستانی داعش به‌رانبه‌ر به خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان ئه‌نجامیان دا، نه‌ك هه‌ر به ته‌نیا هه‌وڵێكی كۆنه‌په‌رستانه‌ی لێدانی یه‌كێك له دێرینترین ئاینه‌كانی ناوچه‌كه و مرۆڤایه‌تی بوو، به‌ڵكو هه‌وڵێكی نه‌زۆكی بێهووده بوو، بۆ لێدان له چه‌مك و به‌ها باڵاكانی گه‌لی كوردستان له لێبورده‌یی و ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، كه مۆركی دیار و به‌رچاوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدین" سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وا ده‌ڵێ.
هه‌روه‌ك باسی له‌وه كردووه كه ڕاسته تیرۆریستان زه‌ربه‌یان له‌و چه‌مك و به‌هایانه دا و ویستیان بیانسڕنه‌وه، به‌ڵام بێگومان گه‌له‌كه‌مان و خوشك و برایانی ئێزیدیمان به‌تایبه‌تی، زۆر له هه‌وڵانه گه‌وره‌ترن و هیچ دو‌ژمنێك له مێژوودا نه‌یتوانیوه و ناتوانێ هیچ شتێك له ویست و ئیراده‌مان بۆ ژیان، بۆ مرۆڤدۆستی، بۆ پێكه‌وه‌یی و یه‌كتر قبووڵكردن و لێبورده‌یی كه‌م بكاته‌وه. وه‌ك هه‌میشه هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی وڵات، پێكه‌وه شان ده‌ده‌ینه به‌ر ژان و ئازاری یه‌كتر و پێكه‌وه ڕووبه‌ڕووی سه‌ختییه‌كان ده‌بینه‌وه، پێكه‌وه برینه‌كانمان تیمار ده‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها دووپاتی ده‌كاته‌وه كه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین و له‌سه‌ر كاركردن بۆ به‌پارێزگاكردنی شنگال به‌رده‌وام ده‌بین. له‌گه‌ڵ عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كار ده‌كه‌ین و هاوكار و هاوئاهه‌نگ ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر كاره‌ساتی وا به‌سه‌ر ئێزیدییان و هیچ پێكهاته‌یه‌كی تر نه‌یه‌ته‌وه. داوایشی كرد حكوومه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی خوشك و برایانی ئێزیدیمان بكاته‌وه، دوایین ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌و وتاره‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ له ڕێوڕه‌سمی هێنانه‌وه‌ی پرووسكی 104 قوربانی ئێزیدی له‌لایه‌ن نوێنه‌رێكییه‌وه پێشكه‌ش كرا.