مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له نادیه موراد چالاكیی ئێزدی و ڕزگاربووی ده‌ستی داعش كرد.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێم، هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ له پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی خوشك و برایانی ئێزیدی و دابینكردنی ژیانێكی شایسته بۆیان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شوێنه‌كانیان.
ئێزیدی پێكهاته‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن و گرنگی گه‌لی كوردستانن
سه‌رۆك وه‌زیران گوتی، ئێزیدی پێكهاته‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن و گرنگی گه‌لی كوردستانن و هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه پشتیوانیی له داوا ڕه‌واكانیان ده‌كات و سه‌تان پێشمه‌رگه‌ش له پێناو ڕزگاركردنی شنگالدا شه‌هید بوون، بۆیه پێویسته دۆخی شنگال ئاسایی بكرێته‌وه و ئارامیی بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره بگه‌ڕێته‌وه.
هاوكات نادیه موراد وێڕای دووپاتكردنه‌وه له سه‌ر گرنگیی چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ژن و كچه ڕفێنراو و شوێنبزركراوه‌كانی ئێزیدی و ئازادكردنیان و گه‌ڕانه‌وه‌ی روفاتی ته‌واوی قوربانییانی گوندی كۆچۆ، داواشی كرد به زووترین كات ڕێكه‌وتننامه‌ی شنگال جێبه‌جێ بكرێت له پێناو سه‌قامگیربوونی دادپه‌روه‌ریی و ئاشتی له ناوچه‌كه‌دا.