شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی پەكەكە لە شنگال ڕووی دا، بەو هۆیەوە سەربازێكی عێراق بریندارە و هۆكاری شەڕەكەش بۆ ڕێككەوتنێكی پێشووی پەكەكە و سوپای عێراق دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی ئادار، ئارزین ئێزدیی چالاكی كۆمەڵی مەدەنی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی پەكەكە دروست بوو لە سنووری شارەدێی سنوونی سەر بە شارۆكەی شنگال.
زیاتر گوتی، هۆكاری شەڕەكە بۆ ڕێككەوتنێكی پێشووی نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی پەكەكە دەگەڕێتەوە كە بەڵێنیان پێ دراوە، ژمارەیەكی زۆری ئەو چەكدارانە دابمەزرێنن و بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق ئەو بڕیارە هەڵوەشاوەتەوە.
باسی لەوەش كرد، چەكدارانی پەكەكە هێرشیان كردووەتە سەر سوپای عێراق و ئەندامێكی سوپاپان بریندار كردووە و ئۆتۆمبێلێكی سەربازی سوپای عێراقیشیان بردووە.
ڕوونی كردەوە، ئێستە دۆخی ناو شنگال ناسەقامگیرە و پەكەكە چەكدارەكانی كۆ دەكاتەوە، سوپای عێراقیش لە كۆبوونەوەدایە بەرانبەر ئەو هەڵوێستەی پەكەكە ئەنجامی داوە.
بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كە ئەنجام دراوە، پێویستە دۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و دۆخی تەناهیی شارۆكەكە ڕادەستی هاووڵاتییانی سنوورەكە بكرێتەوە، ئەوەیش بە دامەزراندنی چەندان كەس و دەركردنی سەرجەم ئەو هێزە نایاساییانەی لەو شوێنەدا هەن.