كەمێك پێش ئێستە هێزێکی زۆری سوپای عێراق لەگەڵ چەند گەورە بەرپرسێكی عێراق، گەیشتنە شنگال بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر هۆكاری شەڕەكانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ئەو شارۆكەیە كە پەكەكە دروستی كردووە.
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی ئادار، ئارزین شنگالی چالاكی كۆمەڵی مەدەنی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەسەرپەرشتی قاسم ئەعرەجیی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، سوپایەكی گەورەی عێراق گەیشتە شنگال.
ئێستە لەناو شنگالن و نازانرێت چی ڕوو دەدات
زیاتر گوتی، هاتنی ئەو هێزە بۆ لێكۆڵینەوەیە لەسەر ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو لە شنگال دەستی پێ كردووە، پەكەكە هێرشی كردووەتە سەر سوپای عێراق و دوێنێش سەربازێكی سوپای عێراق بە دەستی پەكەكە كوژرا.
باسی لەوەش كرد، ئەو بەرپرسانەی عێراق هاتوون لەگەڵ سوپا و پاسەوانی سنووری شنگال كۆ بوونەتەوە، ئێستە لەناو شنگالن و نازانرێت چی ڕوو دەدات، بەڵام لە باشووری ڕۆژئاوای چیای شنگال پەكەكە چووەتە حاڵەتی ئامادەباشی.
بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كە ئەنجام دراوە، پێویستە دۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و دۆخی تەناهیی شارۆكەكە، ڕادەستی هاووڵاتییانی سنوورەكە بكرێتەوە، ئەوەیش بە دامەزراندنی چەندان كەس و دەركردنی سەرجەم ئەو هێزە نایاساییانەی لەو شوێنەدا هەن كە پەكەكەیە بووەتە هۆكاری كێشە و شەڕ و ئاڵۆزی لەو شوێنە.