سەرۆكی هەرێم و وەزیری ناوخۆی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی شنگال کرد

:: PM:02:00:24/03/2021 ‌
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە عوسمان ئەلغانمی وەزیری ناوخۆی عێراق كرد و لە كۆبوونەوەی نێوانیان باسی دۆخی شنگال كرا.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ی ئادار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عوسمان ئەلغانمی وەزیری ناوخۆی عێراق كرد.

 لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتە تەناهییەكانی عێراق، كار و ئەركی هێز و دەزگا تەناهییەكان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شارەكان، خۆپێشاندانەكانی ئەمدواییەی چەند پارێزگایەكی عێراق، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا دووپاتیان لە پێویستیی پابەندی بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال، لەگەڵ خێراكردنی هەنگاوەكانی بە هاریكاری و هاوئاهەنگیی لایەنە پێوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق كردەوە، هاریكاریی هاوبەش و هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی داعش بە گرنگ و پێوست زانی.



وشە - رامیار جەواد