فه‌رمانده‌ی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی شنگال ده‌ڵێ، حكوومه‌ت دواین مۆڵه‌تی به په‌كه‌كه داوه كه شنگال چۆڵ بكه‌ن و تا كۆتایی ئه‌م مانگه رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ ده‌كرێت، ھاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شنگالیش ده‌ڵێ، ئێمه ئاماده نین شنگال چۆڵ بكه‌ین.
قاسم شه‌شۆ فه‌رمانده‌ی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی شنگال به "وشه"ی گوت، حكوومه‌تی عێراق و سوپای عێراق دوا مۆڵه‌تیان به په‌كه‌كه داوه و پێویسته تا كۆتایی ئه‌م مانگه شنگال چۆڵ بكه‌ن، ئێسته له به‌رانبه‌ر یه‌ك وه‌ستاون و په‌كه‌كه‌ش تا ئێسته ئاماده نییه له شنگال بكشێته‌وه و ھه‌ر له شوێنی خۆیان ماون.
هه‌روه‌ها گوتی: په‌كه‌كه و سوپای عێراق له به‌رانبه‌ر یه‌ك وه‌ستاون، چونكه سوپای عێراق سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته په‌كه‌كه تا كۆتایی مانگ له شنگال بكشێته‌وه، بۆیه مه‌ترسی پێكدادان ھه‌یه، سوپای عێراق داوا ده‌كات ئه‌وانه‌ی بیانین بچنه ده‌ره‌وه و ئه‌وانه‌ی تریش خۆیان راده‌ست بكه‌ن.
لای خۆشیه‌وه حه‌سۆ ئیبراھیم جێگری ھاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی شنگال، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له نێوان ھه‌رێم و به‌غدا كراوه، به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی شنگال نییه، شنگالییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كه ئێمه بچینه ده‌ره‌وه و نایانه‌وێ شنگال ھاوشێوه‌ی پێش 2014 بێت و ھاوكاریی ئێمه ده‌كه‌ن.
حه‌سۆ ئیبراھیم گوتی، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا كراوه ته‌نیا مسته‌فا كازمی پێی رازییه و لایه‌نه‌كانی تر پێی رازی نین، بۆیه ئێمه‌ش به‌و رێككه‌وتنه رازی نابین و له شنگال ده‌مێنینه‌وه و ھه‌رچی مۆڵه‌تیشمان پێ بدرێت گوێی پێ ناده‌ین.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر سوپای عێراق ناچارمان بكات و ھێرشمان بكاته سه‌ر، وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه و شه‌ڕ ده‌كه‌ین.
بڵند ئیبراھیم