لەلایەن ئەنجوومەنی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال، بڕیاری شەڕ دژی ڕێككەوتنی ئاساییبوونەوەی دۆخی شارۆكەكە دراوە. چالاكێكی كۆمەڵی مەدەنیش ڕای دەگەیەنێت، پەكەكە هەرزەكار و ژنانیشی چەكدار كردووە.
ئەمڕۆ شەموو سێی نیسان، ئارزین شنگالی چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چەكدارانی پەكەكە لە سنووری شنگال بڕیاری شەڕیان داوە و ئامادە نین شارۆكەكە چۆڵ بكەن بۆ هاووڵاتییانی ئەو سنوورە.
ئەو چالاكە زیاتر گوتی، لە دوێنێوە چەكدارانی پەكەكە ژنان و هەرزەكارانیان چەكدار كردووە و بۆ شەڕ ئامادەیان كردوون، ئەوەیش لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبردنی سەربازییەكانی پەكەكە لە شنگال كە دوێنێ دواین كۆبوونەوەیان كردووە.
گوشارێكی زۆر لەسەر هۆز و عەشیرەتەكانی ئەو سنوورە دروست كراوە
ڕوونی كردەوە، گوشارێكی زۆر لەسەر هۆز و عەشیرەتەكانی ئەو سنوورە دروست كراوە بۆ ئەوەی پشتگیریی چەكدارانی پەكەكە بكرێ، رێ لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا بگیرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی هاووڵاتییە ڕەسەنەكانی ئەو ناوچەیە.
قاسم شەشۆ فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال بە "وشە"ی گوت، سوپای عێراق كە دوا مۆڵەتیان بە پەكەكە دابوو، كۆتایی هاتووە و پێویست بوو دوێنێ شنگال چۆڵ بكەن و دۆسیەی تەناهیی ئەو شارۆكەیە بدرێ بە هێزەكانی پۆلیسی عێراق.
ئەو فەرماندەیە ڕوونی كردەوە، پەكەكە و سوپای عێراق لە بەرانبەر یەك وەستاون، تەنیا قسەی سوپای عێراق، چوونە دەرەوەی هێزە نایاساییەكانە لە شنگال و دۆخی ئێستە شنگال باش نییە و هەموو ئەگەرێك هەیە.
ڕۆژی 9ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2020، هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژوو كرد.