په‌كه‌كه‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له‌ شنگال خه‌ڵك ده‌كاته‌ قوربانی

:: PM:01:18:21/04/2021 ‌
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی قه‌حتانییه‌ی سه‌ر به‌ شارۆكه‌ی شنگال گوتی، جارێكی تر كێشه‌ له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و سوپای عێراق دروست بووه‌، سوپا چه‌ندان باره‌گای په‌كه‌كه‌ی داگیر كردووه‌ و په‌كه‌كه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و مانه‌وه‌ی خۆیان، خه‌ڵك به‌كوشت ده‌ده‌ن.

خدر خودیدا به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی قه‌حتانییه‌ی سه‌ر به‌ شارۆكه‌ی شنگال، به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، سوپای عێراق ویستوویه‌تی بچێت بۆ سنووری شاره‌دێكه‌ی ئێمه‌ له‌ ناوچه‌ی گرعوزێر، په‌كه‌كه‌ش رێگری لێ كردبوو، به‌ڵام دواتر سوپا سوور بوو له‌سه‌ر چوونیان و چه‌ندان باره‌گای په‌كه‌كه‌ی داگیر كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، په‌كه‌كه‌ش ئه‌و كاره‌ بۆ وێرانبوونی شنگال ده‌كات، كۆمه‌ڵێك كه‌سی گرتووه‌ و بازرگانییان پێ ده‌كات، پاره‌یان پێ ده‌دات كه‌ سوپا ھاتن بیانباته‌ پێشیان بۆ ئه‌وه‌ی سوپا نه‌یه‌ته‌ ناو شنگال، ده‌یانه‌وێ سوپا ته‌قه‌ بكات و خه‌ڵكی شنگال بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان ببنه‌ قوربانی.

خدر خودیدا باسی له‌وه‌ش كرد، سوپا ڕژدیش بێت ئه‌سته‌مه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یه‌وێ خه‌ڵك به‌ كوشتن بدات، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌س ھه‌ن پاره‌ و ئۆتۆمبێل و پاسه‌وانیان بۆ دابین كردوون، بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تیی سوپا بكه‌ن كه‌ ژماره‌یان كه‌مه‌، چونكه‌ له‌ كۆی 15 ھه‌زار خێزانی گرعوزێر، ته‌نیا 450 كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌ش ده‌كه‌ن 20 كه‌سێك ده‌بن، ئه‌گه‌ر نا 1%ـی خه‌ڵك پشتگیرییان ناكه‌ن.

به‌پێی قسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی قه‌حتانییه‌، په‌كه‌كه‌ ئه‌و كێشانه‌ بۆ ئه‌وه‌ دروست ده‌كه‌ن تا له‌ شنگال بمێننه‌وه‌، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشه‌ ده‌یانه‌وێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان تێك نه‌چێت، بۆیه‌ ئه‌و كێشانه‌ دروست ده‌كه‌ن و تا ئێسته‌ ھه‌ر به‌رده‌وامه‌ و كۆتایی پێ نه‌ھاتووه‌، چونكه‌ سوپا ده‌یه‌وێ په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال ده‌ربكات.

بڵند ئیبراھیم


وشە - ڕێناس شابان