لە بازگەیەكی نێوان ئیدارەی گەرمیان و شارۆكەی خانەقین، مامەڵەی نەشیاو بەرانبەر بە هاووڵاتییانی كورد كراوە، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو بابەتە لەلایەن بەپرسێكی تەناهی لە گەرمیان، ژمارەیەك هاووڵاتی دەڵێن، كۆمەڵێك پۆلیس و ئەفسەری عەرەب لە بازگەی باوە مەحموود مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ هاووڵاتییانی كورد دەكەن.
خالید حەسەن، كاسبكار، لە كەلارەوە بۆ خانەقین چووە بۆ كاركردن، بە"وشە"ی گوت، ئەو پۆلیس و ئەفسەر عەرەبانە بە پرسیاركردنی زۆر و گوتەی نەشیاو هاووڵاتییان نیگەران دەكەن، روونی كردەوە، دەزگە پێوەندیدارەكانی خانەقین و ئاسایش لەو كێشەیە ئاگەدارن.
مامەڵە نەشیاو بەرانبەر هاووڵاتییان كراوە و هەوڵ هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ بازگەكە
ئافرەتێكی خەڵكی خانەقین كە لە سلێمانییەوە گەڕاوەتەوە بۆ"وشە" روونی كردەوە، لەوەتەی ئاسایش لەو بازگەیە نەماوە، كۆمەڵێك پۆلیسی عەرەب، تەنانەت بە چاوێكی ناشرینەوە سەیری ئافرەتان دەكەن، ئەوان پرسیاری پێكهاتەی مەزەویی هاووڵاتییان و كەسی و كۆمەڵایەتیش دەكەن.
ئاسایشی كوڵەجۆ نزیكترین بنكەی ئاسایشی گەرمیانە لەو بازگەیەوە، گوتەی هاووڵاتییان پشتڕاست دەكاتەوە و ئاماژە دەكات كە لەو رفتار و هەڵسوكەوتەی ئەو ئەفسەر و پۆلیسانە ئاگەدارن، شەماڵ عەبدولرەحمان، بەرپرسی یاریدەدرێتی ئاسایشی كوڵەجۆ بە نیگەرانییەوە بۆ"وشە" دانی بەوەدا نا كە رفتاری نەشیاو لە بازگەی باوە مەحموود لەلایەن ئەفسەر و كارمەندانی بازگەكەوە بەرانبەر بە هاووڵاتییانی كورد دەكرێت.
روونی كردەوە، نزیكەی هەفتەیەك دەبێت ئاسایش لەو بازگەیە نەماوە، ئەمڕۆ شەموو 22ی ئایاری 2021، زیاتر مامەڵە نەشیاو بەرانبەر هاووڵاتییان كراوە، دووپاتی كردەوە كە هەوڵ هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ بازگەكە، بەڵام هێشتا هەوڵەكان سەریان نەگرتووە.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی