بەھۆی پەكەكە و خراپی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكی شنگال، جارێكی تر خەڵكی ئەم شارۆكەیە ئاوارەی ھەرێمی كوردستان دەبنەوە. فەرماندەیەكی پێشمەرگەی كوردی ئێزیدیش دەڵێ، خەڵكی شنگال ئومێدێكیان بەپێشمەرگە ھەیە بگەڕێنەوە بۆ شنگال، چونكە ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە، پەكەكە شوێنی لە ناوچەكە نابێتەوە.
نایف سەیدۆ بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێی سەر بە شارۆكەی شنگال، بۆ "وشە" گوتی، ٥٠%ی خەڵكی سنوونێ گەڕاونەتەوە بۆ سەرماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام 80%ی خەڵكی شنگال لە كەمپەكاندان و ئەوانەی گەڕاونەتەوەش ژمارەیان نزیكەی 70 ھەزار كەس دەبێت، ئێستە جارێكی تر لە ترسی پەكەكە و خراپی مامەڵەكردنی پەكەكە لەگەڵ خەڵكی گەڕاوە، جارێكی تر دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی كوردستان.
لیژنەیەكیان دروست كردووە و پێشوازی لە ئاوارە گەڕاوەكان دەكات.
نایف سەیدۆ گوتی، لە ئیدارەی پارێزگای دھۆك، بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی دھۆك لیژنەیەكیان دروست كردووە و پێشوازی لە ئاوارە گەڕاوەكان دەكات. ژمارەیەكی زۆری خێزان ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە و بەردەوامیش ناوی خۆیان تۆمار دەكەن بۆ گەڕانەوە، بەڵام ئێستە كە باسی گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكرێت، ئومێدێكیان بۆ دروست بووە و دڵخۆشن بە دروستكردنی ژووری ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لە ناوچەكە و دەیانەوێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ شنگال.
هاوكات قاسم شەشۆ فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال، بۆ "وشە" گوتی ، گەڕانەوەی پێشمەرگە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ شنگال، چونكە دەزانن ئارامی تەنیا بە پێشمەرگە دەپارێزرێت و هەنگاوەكان بۆ دروستكردنی ژووری ھاوبەش كارێكی زۆر باشە و لە بەرژەوەندیی خەڵكی ناوچەكەدایە .
ئەو باسی لەوەش كرد، خەڵكی شنگال ئومێدێكی زۆریان بە پێشمەرگە ھەیە و دەزانن پێشمەرگە بگەڕێتەوە، پەكەكە لە شنگال نابێت، بۆیە هیوای خواست بە زووترین كات پێشمەرگە بگەڕێتەوە شنگال.
هەولێر/بڵند ئیبراھیم