گەرمیان و خانەقین.. شوێنی هاوردەكردنی شەوانەی بارە قاچاخەكان ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:36:01/06/2021 ‌

 پاش دوو ساڵ لە بری پۆلیس و ئاسایش، پۆلیسی هاتوچۆ مەفرزەكانی بۆ رێگەگرتن لە هاتنی باری نایاسایی و زیادە و قاچاخی مەرزێكی سنووری گەرمیان و خانەقین جێگیر دەكرێت، ئەو جۆرە قاچاخیەیش كە شەوانە بەردەوامە، كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی لە رێگەی بازرگان و شوفێرانەوە پێی هەڵدەستن.

حەیدەر وەلا، بەڕێوەبەی پۆلیسی هاتوچۆی خانەقین، سەر بە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەم بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، بەهۆی زۆربوونی باری نایاسایی و قاچاخ لە سنووری مەرزی پەروێزخان و خانەقین و گەرمیان و تێپەڕینیان لە سێڕیانی گوندی سەوزبلاخەوە، بڕیارمان داوە لە سەعات شەشی ئێوارەوە تا شەشی بەیانی لەو رێگەیە مەفرەزەی تایبەت دابنێن و لەمڕۆوە كاری پێ دەكەین .
ژمارەیەك بەرپرسی دەسترۆیشتووی ناو یەكێتی لە پشی ئەو كارەوەن
 زیاتر گوتی، رێگەیش دەگرین لەو بارهەڵگرانەی زیاد لەپێویست بار باردەكەن، نەك بە تەنیا نایاساییەكان، ئەوانەیش دیارە پشتیان هەیە، روونی كردەوە، دیار نییە هێزی تر هاوكارمان دەبێت لە ئەركەكانمان، بەڵام ئێمە لە بوونی بارە نایاساییەكان و هەر ئۆتۆمبێلێك كە باری زیاتر بار بكات و بزانین پسوولەی بۆ نەكراوە، لێی قبووڵ ناكەین و دەزگا تەناهییەكانی لێ ئاگەدار دەكەینەو،  ئەوەیشی گوت، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە رێگەی ئەو زاڵگەوە كە دامانناوە، رێگە لە هەموو كارێكی نایاسایی دەگرین.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دەزگا پێوەندیدارەكانی مەرزەكەوە تایبەت بە "وشە" دراوە، بەرهەمە كشتوكاڵییە قەدەغەكراوەكان و نەوت و شتومەكی بیناسازی لە بارەكانن، هەروەها بەرپرسانی دەسترۆیشتووی ناو یەكێتی لە پشی ئەو كارەوەن، بەڵام لە رێگەی بازرگان و شۆفێرانەوە ئەو كارە نایاساییە ئەنجام دەدەن، بەرپرسەكانیش نزیك لە لاهوور و پۆڵاد و دەست و پێوەندەكانیان پێی هەڵدەستن.

محەمەد رەشید كەلاری، نوێنەرێكی شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، شۆفێرانی  مەرزەكەیان لەپێش تاریكداهاتن كارەكانیان تەواو دەبێت، ئەگەر دوایش بكەن دەكەونە رۆژی پاشتر نەك شەوان.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل